
یاریگا –
بارسێلۆنا لەژێر سەرپەرشتی هانزی فیلک لە گەشەی زیاتر بەردەوامە و تاکودێت ئاست و ژمارەکانی یانەکە لە هەڵکشاندایە.
بلوگرانا لەدوای شکستە سەختەکەی بەرامبەر چێڵسی لە چامپیۆنزلیگ بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێوەڵام، بە زنجیرەیەک سەرکەوتنی یەک لەدوای یەک، تاڵاوی ئەو شکستەی لەبیر هاندەرانی بردەوە، بەجۆرێک لە کۆی هەشت یاریی، خاوەنی حەوت بردنەوە و یەکسانبوونێکە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان.
یانەکەی هەرێمی کا، بەهۆی ئەو ئاستە بەرز و جێگیرەوەیە، ئێستا بە 46 خاڵ پێشەنگی لالیگای گرتووە و چوار خاڵیش لە ریاڵ مەدریدی رکابەرییەوە دوورە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا لەم راپۆرتەدا جیاوازیی ژمارەکانی بارسێلۆنا لەنێوان ئەم وەرزە و وەرزی رابردوو دەخاتەڕوو.
وەرزی رابردوو و لەم قۆناغەدا، بارسێلۆنا 38 خاڵی کۆکردبوویەوە و لە شەش یاریی تەنها لە یەک یاریی سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو، بەڵام ئەم وەرزە دۆڕاندنەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، تەنها بە سێڤییا و ریاڵ مەدرید دۆڕاوە، هەروەها ژمارەکانی هێڵی هێرشبردنیش باشترکراون، بەجۆرێک هێرشبەرەکانی بارسێلۆنا لەم وەرزە تا ئێستا 51 گۆڵیان کردووە و ژمارەی گۆڵەکانی وەرزی رابردوویان تێپەڕاندووە، هاوکات، کۆی گشتی گۆڵەکانیشیان گەیاندە 102 گۆڵ، کە زۆرترین رێژەی گۆڵە لە لالیگا و پێش سەرجەم رکابەرەکانیان کەوتوونەتەوە.
گەیشتن بە 100 گۆڵ لە ساڵێکدا بەبێ لیۆنێل مێسی، دەستکەوتێکی گەورەیە لە مێژووی بارسادا، لەپێشوودا تەنها یەک جار بەدەستهاتووە، ئەویش لە ساڵی 1999.



