
یاریگا –
زاخۆ لە دەرەوەی یاریگای خۆی و لە یارییەکی گرینگ رووبەڕووی عەین دەبێتەوە، راهێنەری زاخۆش دەڵێت براوەی ئەم یارییە بە رێژەیەکی زۆر دەگاتە قۆناخی داهاتوو.
لە گەڕی چوارەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو، سێ شەممە ( 23ـی دیسێمبەری 2025 ) کاتژمێر 6ـی ئێوارە، زاخۆ لە ئیماڕات بەرامبەر عەین یاریی دەکات، بۆ ئەم یارییە زاخۆ بە هۆی پێکانەوە لە توانای هەریەک لە یاریزانان ئۆرینیۆی بەڕازیلی و کیکی گابی کامیڕۆنی و شێرکۆ کەریم ئەستێرەی تیپەکەی بێبەش دەبێت.
ویسام رزق، راهێنەری زاخۆ دەربارەی ئامادەکاری تیپەکەی بۆ ئەم یارییە گووتی:
یارییەکە بۆ هەر دوو یانە گرینگە، چونکە براوەی ئەم یارییە بە رێژەیەکی زۆر دەگاتە قۆناخی داهاتوو، پاڵەوانێتیەکە مێژووییە بۆ زاخۆ چونکە یەکەمجارە بەشداری دەکات، بە باشی کارمان لەسەر خاڵی لاواز و بەهێزی عەین کردووە، ئێمە لەسەر رێگایەکی دروستین و باوەڕی تەواوم بە یاریزانەکان هەیە، شانازیە بۆ من و زاخۆ و کوردستان و عێڕاق کە هاندەرانی زاخۆ خەڵاتی باشترین هاندەری جیهانیان وەرگرت.
ئوسامە رەشید، ناوەڕاستکار و ئەستێرەی زاخۆ دەربارەی گرینگی و ئامادەکاری یاریزانەکان بۆ یارییەکە گووتی:
عەین تیپێکی بەهێزە و کەسایەتیەکی باشیان هەیە، زاخۆ یانەیەکی گەورە هەموو شتێک دەکەین بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش، پێویستە لە باشترین ئاستی خۆمان بین بۆ ئەوەی بە باشی لە یاریگادا دەرکەوین، هاندەران هێزێکی زۆر بە ئێمە دەبەخشن، ئامادەبوونیان زۆر گرینگە.
زاخۆ لە کۆمەڵەی یەکەم لە سێ یارییدا حەفت خاڵی هەیە و لە پێشەنگی کۆمەڵەکەی دێت، عەینی ئیماڕاتیش بە شەش خاڵ لە ریزبەندی دووەمی کۆمەڵەی یەکەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو دێت.




