
یاریگا –
دوای یەکسان بوونەکەیان بەرامبەر دیالا، راهێنەری هەولێر ستایشی ئاستی دیالا دەکات و باس لە ژەهراوی بوونی یاریزانانی تیپەکەی دەکات.
هەولێر لە گەڕی هەشتەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 1 _ 1 لەگەڵ دیالا یەکسان بوو، راهێنەری قەڵا و منارە دوای یارییەکە هۆکاری یەکسان بوونەکەیانی ئاشکرا کرد و دەڵێت شەش یاریزانمان تووشی ژەهراوی بوون هاتوون، وێڕای ئەمەش ستایشی ئاستی یاریزانانی دیالا دەکات.
باسم قاسم، دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە و دەربارەی یەکسان بوونەکەیان گووتی:
ئاستی یاریزانانی دیالا زۆر باش بوو لە یارییەکە و شایستەی ئەو ریزبەندیەن کە ئێستا هەیانە، بە هۆی خواردنەوە شەش یاریزانم تووشی ژەهراوی بوون هاتن و باری تەندروستیان تێکچوو، ئەمەش کاریگەری لە سەر ئاست و دانانی پێکهاتەکەم دروستکرد، سەرەڕای ئەمانەش چەندین جارە باس بکەم یاریگای شیاومان نیە بۆ مەشق کردن و ئامادەکاریمان لە هەولێر باش نەبوو، کار لەسەر خاڵە لاوازەکان دەکەین و دەمانەوێت بەردەوام بین لە پێشەنگایەتی خول.
دوای ئەم یەکسان بوونە، هەولێر بە 20 خاڵ لە پێشەنگی یانەکان مایەوە، یاریی داهاتووش لە یاریگای خۆی رووبەڕووی نەفتی میسان دەبێتەوە، بە هۆی سزای یەکێتی تۆپی پێی عێڕاقەوە ئەم یارییە بەبێ ئامادەبوونی هاندەر بەڕێوە دەچێت.



