
یاریگا –
دهۆک لە یاریگای خۆی میوانداری نەجەف دەکات و ئامادەیە لەم یارییەوە هاندەرانی ئاشت بکاتەوە، سیابەند عەگیدیش بەڵێنی سێ خاڵەکە دەدات.
لە گەڕی هەشتەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، سێ شەممە ( 22ـی دیسێمبەری 2025 ) دهۆک لە یاریگای خۆی کاتژمێر 6:30ـی شەو رووبەڕووی نەجەف دەبێتەوە، راهێنەری دهۆک ئامادەیی تەواوی تیپەکەی نیشانداوە بۆ ئەوەی لە رێگای ئەم یارییەوە جارێکی دیکە بگەڕێنەوە رێچکەی سەرکەوتن.
عەبدولغەنی شەهد، راهێنەری دهۆک دەربارەی یارییەکە و ئامادەکاری تیپەکە گووتی؛
نەجەف یانەیەکی باشە پێویستە بزانین چۆن بەرامبەریان یاریی دەکەین، هەلی وەستانی خولی عێڕاقمان قۆستۆتەوە و کاری باشمان کردووە، سێ یاریی دۆستانەمان کردووە و یاریزانەکان بەباشی پلانەکان جێبەجێ دەکەن، یاریی نەجەف یەکێکە لە یارییە گرینگەکان و پێویستە لەم یارییەوە بگەڕێینەوە سەرکەوتن.
سیابەند عەگید، ئەستێرەی دهۆک باسی گرینگی یارییەکە دەکات و دەڵێت نابێ سێ خاڵی ئەم یارییە لە دەست بدەین و سوورین سێ خاڵ بە هاندەرانمان ببەخشین، سیابەند زیاتر گووتی:
تیپەکەی ئێمە بە شێوەیەکی گشتی سوودمان لە وەستانی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق وەرگرت، یاریزانەکان وەڵامدانەوەی باشیان هەبوو بۆ پلانەکانی راهێنەر، رێز بۆ نەجەف، بەڵام کاتی ئەوەیە سێ خاڵ بەدەست بهێنین و دڵی هاندەرانمان خۆش بکەین.
دهۆک لە کۆی حەفت یاریی رابردوو تەنها پێنج خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 16ـی خولەکە دێت، گەڕی داهاتووش لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی قوەجەوییە دەبێتەوە، نەجەف خاوەنی شەش خاڵە و لە ریزبەندی 16ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.




