
یاریگا –
نیکۆ پاز، یاریزانی ئەرجەنتینی کۆمۆ سەبارەت بە گەڕانەوەی بۆ ریال مەدرید کاردانەوەی هەبوو.
پاز لە هاوینی 2024 بە گرێبەستێکی هەمیشەیی پەیوەندی بە کۆمۆوە کرد، بەڵام ریال مەدرید مەرجی کڕینەوەی لە گرێبەستەکەیدا جێگیرکرد کە دەکرێت لە هاوینی 2026 یان 2027 کارابکرێت.
ئەو یاریزانە لاوە لە سێریا ئەی لەگەڵ یانەی کۆمۆ ئاستێکی باشی پێشکەش کردووە و دەنگۆی پەیوەندی کردنی بە ئینتەرمیلان و یوڤێنتوسەوە لە میدیاکان دەبیسترێت.
نیکۆ پاز لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان سەبارەت بە پرسی گەڕانەوەی بۆ مەدرید گوتی:
بیر لە گەڕانەوە ناکەمەوە. سەرنجم لەسەر یاریی کردنمە، هەوڵدەدەم باشترین پێشکەش بکەم.
نیکۆ بە یەکێک لە بەهرەمەندە درەوشاوەکانی ئەرجەنتین دادەنرێت و پێشبینی دەکرێت لە مۆندیالی 2026دا یاریزانێکی سەرەکی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بێت.
ریال مەدرید ئارەزووی گەڕانەوەی بەهرەمەندە ئەرجەنتینییەکە بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەکات، بەڵام بڕیاری کۆتایی لای یاریزانەکەیە کە گەڕانەوە بۆ مەدرید هەڵدەبژێرێت یاخوود مانەوە لە ئیتاڵیا.



