Loading...
ئەفریقا

جامی نەتەوەکانی ئەفریقا بە ناڕەزایەتی گشتییەوە دەستپێدەکات

سێ کوژراو و 30 بریندار...

Yariga App

یاریگا –

مەغریبییەکان بەهۆی خەرجکردنی پارەی گشتی لەبڕی تەندروستی و خوێندن بۆ تۆپی پێ، ناڕەزایی دەردەبڕن.

لە 27ی ئەیلولەوە تاوەکوو ئێستا گەنجانی مەغریب بەرامبەر بە وەبەرهێنانە گەورەکانی حکومەت لە ئامادەکاری بۆ رووداوە گرنگەکانی تۆپی پێ، جامی ئەفریقا و مۆندیالی 2030 ناڕەزایی دەردەبڕن و سێ کەس تاوەکوو ئێستا کوژراوە و 30 بریندار هەیە و زیاتر لە 400 کەس دەستگیرکراون. ئەوان پێیان وایە کە پێویستە پارە گشتی بۆ باشترکردنی سیستەمی پەروەردە و تەندروستی لە وڵاتەکەدا خەرج بکرێت.

ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە لایەن گرووپە بێناوەکانەوە بە ناوی “GenZ 212” (ئاماژە بە تەمەنی بەشداربووان و کۆدی ناوچەی مەغریب) و “دەنگی لاوانی مەغریب” رێکخراوە.

ئەم توێژە لە دانیشتوان کە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی وڵات پێکدەهێنن و لەسەدا 35.8یان بێکارن، بە یەکێک لە توێژە ناڕازیەکانی کۆمەڵگا دادەنرێت. توڕەیی گشتی لە مانگی ئەیلولدا توندتر بوو، دوای ئەوەی هەشت خانم لە کاتی منداڵبووندا لە نەخۆشخانەیەکی شاری ئاگادیر گیانیان لەدەستدا، کە بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە هەر 10 هەزار کەسێکدا تەنیا 4.4 کەسی پسپۆڕی تەندروستی هەیە.

بەشێک لەو ناڕەزایەتیانە بە کارەسات کۆتایی پێهاتووە، وەک لە ناوچەی لێکلایای نزیک ئاگادیر کە سێ خۆپیشاندەر دوای بەردبارانکردنی دامەزراوەکانی هێزە چەکدارەکان بە دەستی جەندرمە کوژران. لە میانەی خۆپیشاندانەکان نزیکەی 30 بریندار و زیاتر لە 400 کەسیش دەستگیرکراون.

مەغریب وەبەرهێنانی زۆری لە میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکە و مۆندیالی 2030 کردووە، لەوانە دروستکردنی چوار یاریگای نوێ و نۆژەنکردنەوەی سێ یاریگای دیکە. هەروەها کوشتنی سەگی بێلانە وەک بەشێک لە سیاسەتی پاککردنەوەی شەقامەکان لە ئاژەڵان ناڕەزایەتی بەرفراوانی لێکەوتەوە و خەڵکی تووڕە بوون.

عەزیز ئەخنۆچ سەرۆک وەزیرانی مەغریب دوای کوژرانی سێ خۆپیشاندەرەکە داوای گفتوگۆی کردووە و حکومەت هەوڵی وەڵامدانەوەی داوە بە هێنانەکایەی چاکسازی بۆ زیادکردنی هەلیکار و بەشداری سیاسی بۆ خەڵکی خوار 35 ساڵ و زیادکردنی بودجەی تەندروستی و پەروەردە بە رێژەی 16%.

جامی نەتەوەکانی ئەفریقا بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 22:00 بەکاتی هەولێر بە یاریی نیوان هەڵبژاردەکانی مەغریب و کۆمۆرۆس دەستپێبکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button