
یاریگا –
ریال مەدرید هەمیشە بە درێسی سپی ناسراوە، بەڵام رەنگی سپی یانەکە لە یانەیەکی مێژوویی و دێرینی لەندەن وەرگیراوە.
ریال مەدرید یەکێکە لە یانە بەناوبانگەکانی تۆپی پێی جیهان. تیمێک کە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە یەک تایبەتمەندی دیاریکەری هەبووە: سپی پۆشەکان، یان وەک ئیسپانییەکان پێیان دەڵێن، لۆس بلانکۆس.
رەنگە هاندەرانی ریال مەدرید پرسیاریان کردبێت کە فەلسەفەی پشت درێسی رەنگی سپی چییە، و بۆچی بڕیاریان داوە ئەو رەنگە بپۆشن؟ بەناوبانگترین تیۆری سەبارەت بە سەرچاوەی درێسی تەواو سپی ریال مەدرید دەگەڕێتەوە بۆ یانەی کۆرینتیانز ئێف سی ئینگلیزی. یانەیەکی ئینگلیزی لە لەندەن لە ساڵی 1882 دامەزراوە، تیپێکی میلی بوو کە بە درێسی سپییەوە یارییان دەکرد و بە شێوازی یاریکردنیان ناوبانگیان دەرکرد.

ناوبانگی کۆرێنتیانز ئەوەندە زۆر بوو کە بەردەوام گەشتی نێودەوڵەتییان دەکرد. ئەم تیمە لە ساڵی 1904 بە ئەنجامی 11-3 لە مانچێستەر یونایتدی بردەوە و گەشتی وڵاتانی وەک باشووری ئەفریقا و ئەمریکا و بەرازیلیان کرد. دواتر لە بەڕازیل کۆمەڵێک کرێکار کە کاریان درووستکردنی هێڵی شەمەندەفەربوو لە ساوپاولۆوە لە ساڵی 1910 بۆ رێزلێنان و لەبەرخۆشەویستیان یانەیەکیان بە ناوی کۆرێنیانز دامەزراند، کە تیپێکە تا ئەمڕۆش لە پلەی یەکەمی وڵاتەکەدا رکابەری دەکات.

ریال مەدرید لە ساڵی 1902 بە ناوی یانەی تۆپی پێی مەدرید «Madrid Football Club» دامەزرا. یەکێک لە یەکەم یاریزان و راهێنەرەکانی مەدرید ئارسەر جۆنسنی لەدایکبووی شاری دبلن بوو، دەگوترێت جۆنسن یارییەکانی کۆرێنتیانزی بینیوە و ئەم ئەزموونە ئیلهامبەخش بوو بۆ ئەوەی رەنگی سپی بۆ ئەو تیمە تازە دامەزراوەکەی پایتەختی ئیسپانیا هەڵبژێرێت.
ریال مەدرید خۆی دواتر بووە ئیلهامبەخش بۆ یانەکانی دیکە و لیدز یونایتد لە ئینگلتەرا رەنگی سپی بەهۆی خۆشەویستی خاوەنەکانیان بۆ ریال مەدرید وەکوو رەنگی سەرەکی یانەکە هەڵبژارد.



