Loading...
ئیسپانیایاریگا

ئەستێرەکەی بارسێلۆنا لە مەترسیدایە و ئیسپانیۆل زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدات

زەنگی ئاگادار کردنەوە لێدرا

Yariga App

یاریگا –

دێربی بارسێلۆنا، مەترسی گەورەی لەسەر خوان گارسیا، گۆڵپارێزی بارسێلۆنا درووست دەکات.

یاریی نێوان ئیسپانیۆل و بارسێلۆنا کە بە دێربی کاتالۆنیا ناسراوە، خەریکە دەبێتە یەکێک لە ورووژێنەرترین دێربیەکانی ساڵانی رابردوو، نەک تەنیا بەهۆی رکابەرایەتی دێرینەی هەردوو یانە، بەڵکو لەبەر ئەوەی دەبێتە “دێربی خوان گارسیا” و گۆڵپارێزەکەی بارسێلۆنا دەگەڕێتەوە یاریگای یانەی پێشووی.

گەڕانەوەی ئەو گۆڵپارێزە بۆ یاریگای ئیسپانیۆل، وەک گۆڵپارێزی سەرەکی بارسێلۆنا، زەنگی ئاگادارکردنەوەی لە ئیسپانیۆل لێدا. بەگوێرەی بانگەشەی رادیۆ کاتالۆنیا، یانەی ئیسپانیۆل ماوەیەکی زۆرە نیگەران بووە لە کاردانەوەی هاندەرانی بەرامبەر گەڕانەوەی ئەو گۆڵپارێزەی کە هاوینی رابردوو یانەکەی جێهێشتووە. ئامانجی یانەکە بریتییە لە “رێگریکردن لە سەرهەڵدانی ئاڵۆزی” و لە سەرووی هەمووشیانەوە رێگریکردنە لەو رووداوانەی کە دەتوانن ببنە هۆی سزادانی قورس یان سڕکردنی هاندەران.

گەورەترین نیگەرانی فڕێدانی کەلوپەل و بتڵی ئاوە بۆ ناو یاریگا، کە ئیسپانیۆل دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت لێی دوور بکەوێتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​رێوشوێنە ئەمنییەکان بۆ ئەم دێربییە بەرفراوانتر دەبن. پلانەکە بریتییە لە بەهێزکردنی پاراستنی ناوچە مەترسیدارەکانی یاریگاکە لەوانەش پشت گۆڵی خوان گارسیا، بۆ رێگریکردن لە هەر کردارێک لەلایەن هاندەرانەوە.

لە دەرەوەی زیادکردنی ژمارەی پۆلیس و هێزی ئەمنی، ئیسپانیۆل هیوادارە لە رۆژانی پێش دێربیدا گرژییەکان کەم بکاتەوە. بەدوور نازانرێت کە بەیاننامەی گشتی بۆ ئاساییکردنەوەی کەشوهەوای یارییەکە دەربکرێت. تەنانەت چاوەڕوان دەکرێت یاریزانانی ئیسپانیۆل و ستافی راهێنەرایەتی بە سەرۆکایەتی مانۆلۆ گۆنزالێز لە چاوپێکەوتنەکانی پێش یارییەکەدا داوا لە هاندەران بکەن تاوەکوو لە کاتی یارییەکە هێمن و ئارام بن.

ستافی راهێنەرانی بارسێلۆناش لە رێگەی پێکردنی ڤیدیۆ و دەنگ لە کاتی مەشقەکان دەیانەوێت راهێنان بە گارسیا بکەن و لەگەڵ فشارەکانی ناو یاریگای ئیسپانیۆل لێڕابێت.

دێربی کاتالۆنیا لە دوای پشووەکانی سەری ساڵ لە رێکەوتی 3ـی کانوونی دووەم لە یاریگای RCDE کاتژمێر 23:00 بەکاتی هەولێر بەڕێوەدەچێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button