
یاریگا –
ئەو مەرجە قورسه ئاشکرا دهكرێت تاوەکو بارسێلۆنا سەرکەوتوو بێت لە گواستنەوەی جولیان ئالڤارێز ، هێرشبەری ئاتلێتیکۆ مەدرید.
یانەی بارسێلۆنا بە جددی هەوڵ دەدات لە مێرکاتۆی هاوینەی داهاتوودا هێڵی هێرشبەری بەهێز بکات و چاوی لەسەر گواستنەوەی هێرشبەرێکی سەرەڕمی ئاستبەرزە، ئەم هەوڵانە لە کاتێکدایە کە دەنگۆی رۆیشتنی رۆبەرت لیڤاندۆڤسکی پۆڵەندی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا زیادبووە، هەرچەندە ساڵێکی دیکەش لە گرێبەستەکەی ماوە.
👀Las condiciones que deben darse para fichar a Julián Álvarezhttps://t.co/mfpIcoDmD8
— Diario SPORT (@sport) December 17, 2025
رۆژنامهی سپۆرتی كاتالۆنی ئاشكرایكردووه، دەستەی هونەری بە سەرۆکایەتی هانزی فلیک، پێیان وایە تیپەکە پێویستی بە هێرشبەرێکی گەنج و بەهێزە بۆ ساڵانی داهاتوو، بەتایبەت لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنی لیڤاندۆڤسکی. ناوی هەریەک لە ئێرلینگ هالاند، جولیان ئالڤارێز و هاری کەین وەک ئامانجی سەرەکی دەهێنرێن، هەرچەندە ئەنجامدانی ئەم گرێبەستانە بەهۆی تێچووی دارایی و کێبڕکێی یانەکانی دیکەوە قورسە.
ئالڤارێز وەک داواکارییەکی کەتەلۆنی
ناوی ئەلڤارێز لەم دواییانەدا بە بەهێزی بەستراوەتەوە بە بارسێڵۆنه، بەپێی ڕۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، دوای ئەوەی گواستنەوەی هالاند بەهۆی تێچووی زۆر و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ سیتی تاوهكو 2034 ئەستەم بووە، ئالڤارێز وەک بژاردەیەکی کراوە دەمێنێتەوە، سەرەڕای ئەوەی خوان لاپۆرتا هەوڵی داوە پێشبینییەکان کەم بکاتەوە.
مەرجە ئاڵۆزەکانی گرێبەستەکە
بەپێی راپۆرتەکە، بۆ گواستنەوەی ئالڤارێزی 25ساڵ، دەبێت چەندین مەرج و دۆخ بێنە دی:
1. دۆخی دارایی ئاتلێتیکۆ: بارسێلۆنا دەزانێت کە گۆڕانکاری لە خاوەندارێتی ئاتلێتیکۆ مەدرید و هاتنی سندوقی وەبەرهێنانی ئەمریکی پرۆسەکە قورستر دەکات، چونکە ئاتلێتیکۆ کێشەی پارەی نابێت.
2. خەونی یاریزانەکە: خاڵێکی ئەرێنی ئەوەیە کە ئالڤارێز، کە سەرسامێکی گەورەی لیۆ مێسییە، هاندەری بارسێلۆنایه و لە منداڵییەوە خەونی بە لەبەرکردنی درێسی بلاوگراناوە بینیوە.
3. شکستی ئاتلێتیکۆ: ئەگەر ئاتلێتیکۆ مەدرید ئەم وەرزە بە دەستی بەتاڵ کۆتایی پێ بهێنێت، رەنگە ئالڤارێز داوای رۆیشتن بکات بۆ پڕۆژەیەک کە نازناوی تێدا مسۆگەر بێت، ئەمەش دەبێتە فشارێک بۆ سەر یانەکەی.
4. نرخ و مەرجی هەڵوەشاندنەوە: مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانهكه 500 ملیۆن یۆرۆیە و گرێبەستەکەی تاوهكو 2030ـیە. واتە تەنیا بە فشاری خودی یاریزانەکە دەکرێت دانوستان بکرێت.
5. ئابووری بارسێڵۆنا: یانه كاتالۆنیهكه، پشت بە گەڕانەوە بۆ یاسای 1:1 و داهاتی یاریگای سپۆتیفای کامپ نۆو دەبەستێت کە ژمارەی هاندەران دەگاتە 60 هەزار و دواتر 100 هەزار، بۆ ئەوەی پارەی پێویست پەیدا بکات.
6. فرۆشتنی ئەستێرەیەک: ئەگەر ئالڤارێز فشاری کرد و نرخەکەی گەیشتە نزیکەی 100 ملیۆن یۆرۆ، یانەکە دەزانێت کە دەبێت لایەنی کەم یاریزانێکی گەورە و بەناوبانگ بفرۆشێت.
لەگەڵ رۆیشتنی لیڤاندۆڤسکی، بڕێکی باش مووچە دەگەڕێتەوە، بەڵام بەس نابێت و دەبێت پارەی کاش بۆ گرێبەستەکە دابین بکرێت. سەرەڕای هەموو ئەم مەرجە قورسانە، کەس لە ناو یانەکەدا هەوڵدان بۆ گواستنەوەی ئەلڤارێز بەدوور نازانێت.



