قەیرانێکی سەیر بەرۆکی هەڵبژاردەی کامیرۆنی گرتووە؛ دوو راهێنەر و دوو لیستی جیاوازی یاریزانان
رووداوی لەوشێوەیە رووینەداوە..

یاریگا –
هەڵبژاردەی کامیرۆن لە ئامادەکارییەکانی بەر لە ‘جامی نەتەوەکانی ئەفریقا’،کە بڕیارە لە 21ـی دێسێمبەری 2025ـدا دەستپێبکات، تووشی قەرانێکی سەیر و دەگمەن بووە.
ناکۆکیەکی قووڵ لەنێوان سامیۆل ئیتۆ، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کامیرۆن، و مارک برایسی بەلجیکی، راهێنەری هەڵبژاردەکە، کە لەلایەن وەزارەتی وەرزشیی وڵاتەکە دەستنیشانکراوە، سەریهەڵداوە و هەڵبژاردەکەی بەسەر دوو بەرە دابەشکردووە.
ئیتۆ، بڕیاری دەرکردنی مارک برایسی دەرکردووە، دەیڤد پاگۆی وەکو راهێنەری نوێ دەستنیشانکردووە و لیستێکی 28 یاریزانی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا چەندین ئەستێرەی دیاری وەک؛ (ئەندرێ ئۆنانا، ڤیسێنت ئەبوبەکر و ئیرێک چۆبۆ مۆتینگ)ـی دوورخستووەتەوە، لەلایەکی دیکەوە، راهێنەرە بەلجیکییەکە، لیستێکی جیاوازی بڵاوکردووەتەوە و سەرجەم ئەو یاریزانانەی بانگێشتکردووە کە ئیتۆ دووریخستوونەتەوە.
برایس سوورە لەسەر ئەوەی گرێبەستەکەی وەکو خۆی ماوەتەوە و تەنها بڕیاری فەرمی سەرۆکایەتیی حکومەت دەتوانێت لە پۆستەکەی دووریبخاتەوە.
5-Star Cameroon! 🇨🇲
Always a force. A closer look ahead of the #TotalEnergiesAFCON2025. pic.twitter.com/tWwLMK3jWg
— #TotalEnergiesAFCON2025 (@CAF_Online) December 14, 2025
ئەم قەیرانە لە کاتێکی هەستیاردا بەرۆکی کامیرۆنی گرتووە، چونکە هەڵبژاردەکە بەم دواییانە نەیتوانی سەرکەوتن بۆ مۆندیالی 2026 مسۆگەر بکات.
سامیۆل ئیتۆ لە ماوەکانی رابردوودا لەلایەن فیفاوە، ئامادەبوونی لە یارییەکانی هەڵبژاردەکەی لێ قەدەغەکرا. لە ناوخۆشدا چەندین تۆمەتی گەندەڵی ئاڕاستە دەکرێت و دەگوترێت لەپێناو پاراستنی ریکۆردی خۆی و مانەوەی وەکو گۆڵکاری هەڵبژاردەکە، دەستێوەردانی کردووە و (ڤیسێنت ئەبوبەکر)ـی دوورخستووەتەوە.
ئیتۆ بە 56 گۆڵ، گۆڵکاریی مێژووی هەڵبژاردەکەیەتی، ڤیسێنت ئەبوبەکریش خاوەنی 45 گۆڵە و بە تۆمارکردنی 11 گۆڵی دیکە، ریکۆردەکەی دەشکێنێت.