Loading...
جیهانعێراقگرنگترین

زاخۆ چۆن خەڵاتی باشترین هانده‌ری جیهانی بردەوە؟

شارێکی بچووک، دڵێکی گەورە

Yariga App

یاریگا –

هاندەرانی یانەی زاخۆ، نەک تەنیا بە دەنگە بەرزەکەیان، بەڵکو بە دڵە گەورەکەیان توانییان سەرنجی هەموو جیهان رابکێشن و خەڵاتی زه‌بێستی فیفا بۆ هاندەران مسۆگەر بکەن، چیرۆکی ئەم سەرکەوتنە لە یاریگاوە دەستی پێ نەکرد، بەڵکو لە کارە خێرخوازییەکانیانەوە سەرچاوەی گرت.

شایەتیدانی کاپتن ئەحمەد ئیبراهیم

ئەحمەد ئیبراهیم، کاپتنی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی زاخۆ، کە خاوەنی 118 یاری نێودەوڵەتییە شەشەم زۆرترین یاری لە مێژووی عێراق و لە زۆر وڵاتی وەک ئیمارات، سعودیە و قەتەر یاری کردووە، دەڵێت،

“لە ماوەی 12 ساڵی یاریکردنم بۆ هەڵبژاردە و گەڕانم بە هەموو شوێنێکدا، لە ژیانمدا هاندەری لەم شێوەیەم نەدیوە، سێ ساڵە لە زاخۆم، دۆخەکە لێرە سەرسوڕهێنەرە.”

کاپتنەکە دەشڵێت،

“گرنگ نییە بەرامبەر تیپێکی گەورە یاری دەکەین یان بچووک، ئەوان هەمیشە یاریگاکە پڕ دەکەن، ئەوەی سەیرترە ئەوەیە کاتێک دەچینە شارەکانی تر، بە هەمان ژمارە لەگەڵمان دێن؛ لە هەولێر، بەغدا، بەسڕە و هەموو شوێنێک لەگەڵمانن.”

چیرۆکی بووکەڵەکان و یاری حدود

ئەوەی وایکرد فیفا خەڵاتەکە بە زاخۆ ببەخشێت، ئەو دیمەنە مرۆڤایەتییە بوو کە پێش یارییەکەیان بەرامبەر یانەی حدود تۆماریان کرد.

لەو رۆژەدا، هاندەرانی زاخۆ هەزاران بووکەڵە و یاری منداڵانـیان فڕێدایە ناو یاریگاکەوە، مەبەستەکە تەنیا جوانی نەبوو، بەڵکو کۆکردنەوەی ئەو یارییانە بوو بۆ ئەوەی وەک دیاری ببەخشرێن بە منداڵانی نەخۆش.

ئەحمەد ئیبراهیم دەڵێت،

“ناوچەکەمان منداڵی نەخۆشی تێدایە کە پێویستیان بە هاوکارییە، ئەم بووکەڵانە و ئەو پارانەی هاندەران کۆیان دەکەنەوە، یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆیان.”

زیاتر لە تۆپی پێ

راپۆرتەکەی فیفا ئاماژە بەوە دەکات کە کاری هاندەرانی زاخۆ تەنیا لە یاریگادا نییە. ئەوان دەچنە قوتابخانەکان، هاوکاری کەسانی بێ ماڵ و حال دەکەن، یان ئەوانەی توانای کڕینی دەرمان و خۆراکیان نییە.

“ئەوان دابەشبوون بەسەر چەند گرووپێکدا؛ بەشێکیان سەردانی قوتابخانە دەکەن، بەشێکیان تایبەتن بە منداڵان و ئەوانی تر هاوکاری هەژاران دەکەن. ئەمە لەوپەڕی جوانی دایە.”

شارێکی بچووک بە دڵێکی گەورەوە

زاخۆ  ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 250 هەزار کەسە، بەڵام زۆربەیان عاشقی سەرسەختی یانەکەن.
لە وەرزی 2024-2025 یانەکە پلەی سێیەمی خولی عێراق و گەیشتن بە یاریی كۆتای جامی عێراقی تۆمار کرد، بەڵام ئەوەی لە دەرەوەی یاریگا روویدەدا گەورەتر بوو.

ئەحمەد ئیبراهیم لە کۆتاییدا دەڵێت،

“شارەکە بچووکە، بەڵام دڵی هاندەران زۆر گەورەیە، ئەوان خەڵکانێکی میهرەبانن و ڕێز لە یاریزانانی خۆمان و رکابەرەکانیش دەگرن، من تەنیا لەبەر ئەوەی یاریزانی زاخۆم وا ناڵێم، بەڵکو بەڕاستی زاخۆ باشترینە، ئەوان شەیدای تۆپی پێ و یارمەتیدانی خەڵکن، هیوادارم هەموو جیهان بێنە زاخۆ و ئەم هاندەرانە ببینن.”

بابەتی زیاتر

Back to top button