پێشهاتی نوێ؛ لەندەنییەکان چاڤی هێرناندێزیان کردووەتە ئامانج
مستەر دڵی بۆ پرێمەرلیگ لێدەدات

یاریگا –
تۆتنهام هۆتسپێرز دەیەوێت چاڤی هێرناندێز، ئەفسانە و راهێنەری پێشووی بارسێلۆنا بکاتە راهێنەری تیمەکەی.
تۆتنهام لەم وەرزە بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت، دوێنێ یەکشەممە 14ـی دێسێمبەری 2025 دوای دۆڕانیان بۆ نۆتینگهام 3-0 دۆخی یانەکە هێندی دیکە سەختبووە و بیر لە گۆڕانکاری ریشەیی دەکەنەوە.
ماڵپەڕی فیچاخێس بڵاویکردووەتەوە، تۆتنهام دەیەوێت چاڤی هێرناندێز، راهێنەری پێشووی بارسێلۆنا بکاتە شوێنگرەوەی تۆماس فڕانک و هەوڵی جدی بۆ رازیکردنی راهێنەرە ئیسپانییەکە دەدەن.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، یانە لەندەنییەکە متمانەی بە تۆماس فڕانک نەماوە و بڕوایان وایە راهێنەرە دانیمارکییەکە نەیتوانیووە شێوازێکی یاریکردن بۆ یانەکە دیاریبکات و ناسنامەی تیمەکە ونبووە.
چاڤی لەماوەی رابردوو ئاشکرایکردووە حەزدەکات لە داهاتوودا ئەرکی راهێنەرایەتی یانەیەکی پرێمەرلیگ لە ئەستۆ بگرێت، سپێرز دەیەوێت ئەو هەلە بقۆزێتەوە و گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکات.
چاڤی دوای دوورخرانەوەی لە پۆستی راهێنەرایەتی بارسێلۆنا ماوەی دوو وەرزە بێ یانە ماوەتەوە و نەگەڕاوەتەوە کارەکەی.
تۆتنهام لەم وەرزە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 25 یاریی کردووە، تەنیا 10 یاریی بردووەتەوە، 6 یاریی یەکسانبووە و 9 یاریی دۆڕاندووە.




