دومفریس ئینتەرمیلانی نیگران کردووە؛ جۆری پێکانەکەی نازانرێت

یاریگا –
دێنزێل دومفریس، بەرگریکاری ئینتەرمیلان هێشتا ئامادە نییە بگەڕێتەوە بۆ یاریگاکان و پزیشکەکان هەوڵی دەستنیشانکردنی پێکانەکەی دەدەن.
دێنزێل دومفریس لە رێکەوتی 9ی مانگی رابردووەوە بەشداری هیچ یارییەکی نەکردووە و پێشبینی دەکرێت تاوەکوو مانگی داهاتووش نەگەڕێتەوە. پزیشکەکانی ئینتەر تاوەکوو ئێستا هۆکار و جۆری پێکانی بەرگریکارەکەیان نەزانیوە و بڕیارە دومفریس هەفتەی داهاتوو بچێتە دەرەوەی وڵات و پسپۆڕێک ببینێت بۆ ئەوەی بە روونی نەخۆشییەکەی ئاشکرا بکرێت و چارەسەر وەربگرێت.
دومفریس پاژنەی پێی چەپی سووڕاوە و سەرەڕای ئەوەی مانگی رابردوو لە پشووی نێودەوڵەتیدا بانگهێشتی پێکهاتەی هۆڵەندا کرابوو، بەڵام بۆ یارییەکانی بەرامبەر پۆڵەندا و لیتوانیا لە پێکهاتە دوورخرایەوە. بەرگریکارە راستەکە بۆ چارەسەری زیاتر گەڕایەوە ئیتاڵیا و پێشبینی دەکرا لە 23ی تەشرینی دووەم لە دێربی بەرامبەر میلان ئامادە بێت، بەڵام نەیتوانی بگەڕێتەوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی لاگازێتا، دومفریس لە هۆڵی وەرزشدا راهێنانی کردووە و هەوڵیداوە چڕی راهێنانەکانی زیاد بکات، بەڵام ئازارەکەی زیاتر بووە. تەنانەت پشکنینی ئێم ئاڕ ئای و پشکنینی دیکەش هیچی دەرنەخستووە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ئینتەر بڕیاری داوە شێوازی خۆی بگۆڕێت و راوێژ لەگەڵ چەند پزیشکێکی پسپۆڕی ئێسک رێکبخات کە بە تایبەتی سەرنجیان لەسەر کێشەکانی پاژنەی پێیە.
وابڕیارە هەفتەی داهاتوو دومفریس بچێتە دەرەوەی ئیتاڵیا بەمەبەستی سەردانی پسپۆڕێکی شارەزا، بەڵام ئەگەری گەڕانەوەی بۆ یارییەکانی پێش پشووی سەری ساڵ زۆر کەمە، واتە لە جامی سوپەری هەفتەی داهاتوودا بەشداری ناکات.



