
یاریگا –
تیاگۆ سیلڤا، ئەفسانەی بەڕازیلی لە نوێترین چاوپێکەتنیدا چەندین نهێنی سەرنجڕاکێشی ئاشکرا کرد و باسی لە ئامانجی داهاتووی کرد.
تیاگۆ سیلڤا، کاپتنی پێشووی پاریس سانجێرمان، لە لێدوانێکیدا بۆ لێکیپ سەبارەت بە پەیوەندییەکانی رابردووی نێوان نێیمار و کیلیان ئێمباپێ قسەی کرد و بە تێکچوونی پەیوەندی نیوان دوو ئەستێرەکە دڵتەنگی خۆی دەربڕی.
سیلڤا گوتی:
دوانەیەکی سەرکەوتوو بوون. هەرگیز تێنەگەیشتم بۆچی کێشە کەوتنە نێوانیان، بەر لە هاتنی مێسی ئەوان زۆر گونجاو بوون و لەو یاریزانانە بوون کە چێژێکی زۆریان لە مەشق و راهێنانەکان دەبینی، من لەو کاتەدا لە پاریس سانجێرمان نەمابووم و نازانم کامیان بووەتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکە، بەڵام دڵتەنگی کردم، بەڕاستی جێگەی شەرمەزارییە کە نێوانیان بەم شێوەیە تێکچوو.
هەروەها یادەوەرییەکی جامی سوپەری فەرەنسا بەرامبەر مۆناکۆی لە ساڵی 2017ی باسکرد و گوتی:
لەکۆتایی ئەو یارییەدا ئێمباپێ هاتە لام و گوتی ئەگەر نێیماریش بێتە پاریس من هەر حەز دەکەم پەیوەندی بە تیمەکەتانەوە بکەم، ئەگەر دەتوانی لەسەر ئەم بابەتە قسە لەگەڵ سەرۆکی یانەکە بکە.
سیلڤای تەمەن 41 ساڵ دوای وازهێنانی لە یارییکردن دەیەوێت ببێت راهێنەر و سەبارەت بەم بابەتە دەڵێت:
کاتێک دەبمە راهێنەر ئامانجم ئەوە، راهێنەرایەتی هەموو ئەو یانانە بکەم کە یارییم بۆیان کردووە. بۆیە لەوانەیە رۆژێک ببمە راهێنەری پاریس سانجێرمان. رەنگە هەرگیز روونەدات، بەڵام ئیتر ئەوە ئامانجێکە و لەمێشکی خۆم دامناوە.
سیلڤا لە نێوان ساڵانی 2012 بۆ 2020 کاپتنی پاریس سانجێرمان بووە و توانی 24 نازناو لەگەڵ یانە فەڕەنسییەکە بەدەستبهێنێت. لە هاوینی 2020 سیلڤا ریزەکانی پاریسی جێهێشت و پەیوەندی بە چێڵسییەوە کرد.



