
یاریگا
ئێنزۆ مارێسکای راهێنەری چێڵسی، سەرەڕای بردنەوەیان بە ئەنجامی دووی گۆڵی بێوەڵام لە یانەی ئیڤەرتۆن، لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی دوای یارییەکە، 48 کاتژمێری رابردوو بە سەختترین و ناخۆشترین ساتی کاروانی وەرزشی لەگەڵ چێڵسی وەسفکرد.
مارێسکا، دوای بردنەوەکەیان نیگەرانی خۆی سەبارەت بەو مامەڵەیە دەربڕی کە لەگەڵی کراوە، بێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ ناوێک بدات. چێڵسی بەر لەو یارییە، لە چوار یاریی پێشوو تامی سەرکەوتنی نەکردبوو و تووشی دوو شکست هاتبوو.
کاتێک سەبارەت بە گۆڵ و ئەسیستەکەی مالۆ گوستو پرسیاری لێکرا، مارێسکا ستایشی تەواوی تیپەکەی کرد.
لەوەتای پەیوەندیم بە چێڵسییەوە کردووە، 48 کاتژمێری رابردووی ناخۆشترین ساتی وەرزشیم بووە، چونکە خەڵکێکی زۆر پشتیوانیان نەکردین. هۆکاری ئەوەی ستایشی یاریزانەکانم دەکەم، ئەوەیە سەرباری کێشەیەکی زۆر، ئەوان کاری خۆیان بە باشی دەکەن و سەلماندوویانە کە دەیانەوێ یارمەتی یانەکە بدەن.
لە درێژەی لێدوانەکەیدا، راهێنەرە ئیتاڵییەکە، ڕەتیکردەوە هاندەران سەرچاوەی کێشەکان بن.
بە گشتی هاندەرانم خۆشدەوێت و زۆر دڵخۆشم لەگەڵیان.
چێڵسی بەم سەرکەوتنە گەڕایەوە چوارەمی ریزبەندی، هەرچەندە یانەکانی رکابەری، یارییەکیان کەمتر کردووە، لە چامپیۆنزلیگیش بەهۆی دۆڕانی بەرامبەر ئەتڵەنتا کەوتووەتە دۆخێکی سەختەوە.



