
یاریگا –
لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراو و بەهێزدا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هێڵی هێرشبەری، یانەی دهۆک سەرکەوتوو بوو لە رازیکردنی یەکێک لە دیارترین هێرشبەرەکانی وەرزی رابردووی خولی ئهستێرهكانی عێراق بۆ یانهكهی.
رێککەوتنەکە کۆتایی هاتووە
سەرچاوەیەکی باڵا و ئاگادار بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند، کارگێڕی یانەی دهۆک و هێرشبەری مەغریبی یوسف بن سۆدە گەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی و تهنیا راگهیاندنی فهرمی ماوه، بەپێی ڕێککەوتنەکە، یاریزانەکە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەیی بە فەرمی پەیوەندی بە یانەی دهۆکەوە دەکات و دەبێتە یەکێک لە چەکە بەهێزەکانی یانەکە بۆ قۆناخی دووەمی خولەکە.
گەڕانەوە بۆ خولی ئەستێرەکان
یوسف بن سۆدە، وەرزی رابردوو یەکێک بوو لە ئەستێرە دیارەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە درێسی یانەی هەولێرەوە، دوای نیو وەرز یاریکردن لە خولی بهحرێنی به درێسی یانهی ریفاع، جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە عێراق، بەڵام ئەمجارەیان بۆ دهۆک.
ژمارە و ئاستی یاریزانەکە
وەرزی رابردوو لەگەڵ هەولێر بن سۆدە باشترین ئاستی خۆی پێشکەش کرد و بووە گۆڵکاری یانەی هەولێر،توانی 11 گۆڵ و چوار ئهسیستی لە 30 یاریی خولەکەدا تۆمار بکات و ئاستێکی جێگیر پێشکەش بکات.
ئەم گرێبەستە بە یەکێک لە گرێبەستە گرنگەکانی زستانە دادەنرێت، بەو پێیەی بن سۆدە شارەزایی تەواوی لە شێوازی یاریکردنی خولی عێراق هەیە و پێویستی بە کات نابێت بۆ خۆگونجاندن.



