
یاریگا –
خولی نایابی کوردستان لە دوای تێپه‌ربوونی حه‌فت گه‌ڕی ئه‌م وه‌رزه ڕکابەرییەکی بەهێز له نێوان یانه‌كان به‌دی ده‌كرێت، نەخشەی رکابەرییەکان وردە وردە روونتر دەبێتەوە.
بەپێی ئەو داتا و ئامارانەی لەلایەن تۆڕی وەرزشی یاریگا کۆکراونەتەوە و شیکارییان بۆ کراوە، دەرکەوتووە کە خولی نایابی کوردستان لەم وەرزەدا تەنیا لە ڕروی هونەرییەوە گەرم نییە، بەڵکو لە رووی بەركەوتن و کارتە رەنگاوڕەنگەکانیشەوە ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردووە.
پوختەی ژمارەکانی خولەکە لە دوای 42 یاریی:
كارتی زه‌رد و سور
بەپێی شیکاریی تۆڕی وه‌رزشی یاریگا، یارییەکان توندوتیژی و رکابەری جەستەیی زۆریان بەخۆیەوە بینیوە. ئاماری کارتەکان بەم شێوەیەیە:
کارتە زەردەکان: لە کۆی 42 یاریی، ناوبژیوانان 176 جار کارتی زەردیان بەڕووی یاریزاناندا بەرزکردووەتەوه، واته لە هەر یارییەکدا نزیکەی 4.2 کارتی زەرد (زیاتر لە چوار کارت) بەرز کراوەتەوە، کە ئەمەش رێژەیەکی بەرزە.
زۆرترین کارت: سێ یانە بوونەتە خاوەنی زۆرترین کارتی زەرد، کە هەریەکەیان 18 کارتی زەردیان وەرگرتووە واتە تەنیا ئەو سێ یانەیە پێکەوە 54 کارتیان هەیە، ئه‌وانیش یانه‌كانی شێڕوانه و پیشه‌سازی و پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێرن.
کارتە سوورەکان: جگە لە زەردەکان، 8 كارتی سوور به‌رووی یاریزانانه‌وه به‌رزكراوه‌ته‌وه.
رێژەی گۆڵکردن؛ هێڵە هێرشبەری یانه‌كان چالاکن
له شیكارییه‌كه‌ی تۆڕی وه‌رزشی یاریگا ده‌ركه‌وتووه له حه‌فت گه‌ڕی خولی نایابی كوردستان كه ژماره‌ی یانه‌كان 12 یانه‌یه و 42 یاریی كراوه 97 گۆڵ تۆماركراون، واته بۆ هه‌ر یارییه‌ك 2.3 گۆڵ، له گەڕی چوارەم زۆرترین گۆڵ تۆمارکراوە کە 18 گۆڵ بووە.
ریزبەندی و ململانێی لووتکە
یانەی هەندرێن بە ئاستێکی جێگیر و بەهێزەوە دەستیپێکردووە و توانیویەتی 15 خاڵ کۆبکاتەوە، بەمەش بە تەنیا لە پێشەنگی خولەکەدایە.
باشترین و خراپترینەکان لە تەرازووی یاریگادا
بەهێزترین هێلی هێرشبەر: یانەی سیروانی نوێ خاوەنی ترسناکترین هێڵی پێشەوەیە بە تۆمارکردنی 16 گۆڵ.
بەهێزترین بەرگری: یانەی رزگاری خاوەنی دیوارێکی پۆڵاینە، تاوه‌كو ئێستا تەنیا 4 گۆڵی لێکراوە.
خراپترین بەرگری: یانەی پێشمەرگەی هەولێر کێشەی گەورەی هەیە و 13 گۆڵیلێکراوە.
زۆرترین دۆڕان: هەریەکە لە یانەکانی دەربەندیخان و پیشەسازی تووشی چوار شکست بوونه كه زۆرترینه.
ئەستێرەی یەکەم؛
بەپێی داتاکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، سوهەیب تەها تاوه‌كو ئێستا باشترین یاریزانی خولەکەیە:
یاریزانه‌كه‌ی سیروانی نوێ خاوه‌نی 5 گۆڵه و پێنج ئه‌سیستیشی هه‌یه و به‌شداری له 10 گۆڵی یانه‌كه‌ی كردووه كه تیپه‌كه‌ی خاوه‌نی 16 گۆڵه.
ئەم ژمارانە بەشێکن لە بەدواداچوونە بەردەوامەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا بۆ یارییەکانی خولی نایابی كوردستان، کە تیشک خرایە سەر به‌رێوه‌چوونی 42 یاریی، 97 گۆڵی تۆمارکراو و دابەشبوونی کارتە رەنگاوڕەنگەکان بەسەر یانەکاندا.