
یاریگا –
کەمپی مەشقی هەولێر لە بەغدا بەندە بە ئەنجامی یارییەکەی هەڵبژاردەی عێڕاق کە بڕیارە ئەمڕۆ لە قۆناخی هەشتی جامی عەڕەب رووبەڕووی یەکتر ببنەوە.
بڕیاربوو هەولێر بۆ ماوەی شەش رۆژ کەمپێکی مەشقی لە بەغدا بکاتەوە و دوو یاریی دۆستانەش بکات، بەڵام لە ئەگەری شکستی هەڵبژاردەی عێڕاق بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردن لە قۆناخی هەشتی جامی عەڕەب، دوای سێ رۆژی دیکە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دەستپێدەکاتەوە، بە مەش دەرفەت نابێ هەولێر کەمپە مەشقیەکەی لە بەغدا بکات.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند، هەولێر ناچێتە بەغدا و کەمپی مەشقی ناکاتەوە، بەڵکو لە دوو بۆ سێ رۆژی داهاتوو لە ئەگەری هەبوونی دەرفەت یارییەکی دۆستانە بەرامبەر زاخۆ یاخود نەورۆز دەکات، هەموو شتێک پابەندە بە چارەنووسی یارییەکەی هەڵبژاردەی عێڕاق و هەڵبژاردەی ئوردن.
هەولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق حەفت یاریی کردووه، شەش سەرکەوتن و یەک یەکسان بوونی هەیە و بە 19 خاڵ لە پێشەنگی خولەکە دێت.



