48 کاتژمێری هەستیار لیڤەرپوول دەهەژێنن؛ بۆچی سەڵاح تەقییەوە و چاوەڕێی چی دەکەین؟
سەڵاح بە نیازی چییە؟ کارگێڕی لیڤەرپوول پاڵپشتی سڵۆت یان مۆ دەکات؟

یاریگا –
لیڤەرپوول بە قەیرانێکی قووڵی ناسەقامگیری ئەنجام تێدەپەڕی و ئێستاش کێشەی محەمەد سەڵاح و ئارنە سڵۆتی بۆ زیادبووە.
تۆڕی ئاتلێتیک لە زاری سەرچاوەی باڵای نێو یانەکە بڵاویکردووەتەوە، کێشەکە لە ماوەی 48 کاتژمێر تەقییەوە و پێش ئەو وادەیە، هەموو شتێک لە لیڤەرپوول ئاساییبوو.
دەستەی کارگێڕی لیڤەرپوول پێشبینی لێدوانی تووندی لە سەڵاح دەکرد، دوای دوورخستنەوەی لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکە، بەڵام هێرشە فراوان و ئاشکرایەکەی هەمووانی لە یانەکە شۆک کردووە و رادەی تووندییەکەی لە پێشبینی بەرپرسانی یانەکە زیاتربوو.
چەند هاوتیمێکی نزیک لە سەڵاح، رۆژی هەینی رابردوو هەستییان بە نیگەرانی و تووڕەیی سەڵاح کرد، چونکە ئەستێرە میسڕییەکە هەستیکردبوو، لە یارییەکەی بەرامبەر لیدز یونایتدیش لەسەر کورسی دەبێت و دوای ئاشکراکردنی پێکهاتەکە، حەوسەلەی سەڵاح بەتەواوی گۆڕا.
سەرەڕای ئەنجامی ناسەقامگیر و قەیرانی کەیسی سەڵاح، گروپی فێنوەی سپۆرتس، پاڵپشتی سڵۆت دەکەن.
لە لووتکەوە بۆ وەرزێکی قورس
لە وەرزی رابردوودا، سەڵاح باشترین ئاستی خۆی لەگەڵ لیڤەرپوول و مێژووی پرێمەرلیگ پێشکەشکرد؛
- خەڵاتی پێڵاوی زێڕینی بە 29 گۆڵ بردەوە
- باشترین گۆڵدروستکار بە 18 پاس
- ژمارەیەکی پێوانەیی گەورە لە بەشداریکردن لە 38 گۆڵی پرێمەرلیگ
- خەڵاتی باشترین یاریزانی کۆمەڵەی نووسەرانی ئینگلتەرا
- خەڵاتی باشترین یاریزانی کۆمەڵەی یاریزانانی پیشەگەر
بەڵام ئەم وەرزە زۆر جیاوازە، پێدەچێت مردنی دیۆگۆ جۆتا، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر سەڵاح دروستکردووە، جیا لەمەش، خەرجکردنی 450 ملیۆن پاوەند و بوونی گۆڕانکاری گەورە لە یانەکە، سەڵاحیان لە دۆخێکەوە بردووەتەوە دۆخێکی دیکە.

![]()
قەیرانەکە کەی دەستیپێکردووە؟
هەموو شتێک هەشت رۆژ پێش ئێستا دەستیپێکرد، کاتێک سڵۆت، بڕیاریدا سەڵاح لەسەر کورسی یەدەک بێت، دواتر لە یارییەکەی سەندرلاندیش هەر پشتگوێخرا.
لە سێیەم یاریی لەسەریەکیش، سەڵاح لە یارییەکەی لیدز یونایتد لەسەر کورسی یەدەکبوو، ئەو یارییەی 3-3 تەواوبوو. ئەگەر رێدز یارییەکەی بردبایەوە، ئەوا سەڵاح بە ئەگەرێکی زۆر، تووڕەبوونەکەی قووت دەدا، بەڵام یەکسانبوونەکە، سەڵاحی تەقاندەوە.
بەرپرسانی یانەکە دەیانزانی، هەر خوولەکێک سەڵاح یەدەک بێت، ئەوا زیاتر لە لێدوانی ئاگرین نزیک دەبنەوە.
![]()
هەڵوێستی لیڤەرپوول چییە؟
ئاتلێتیک زانیویەتی، کارگێڕی لیڤەرپوول پاڵپشتی بڕیارەکانی سڵۆت دەکات و پێیان وایە، سڵۆت بەدوای دەرچەیەکی هونەری دەگەڕێت، دوای ژمارەیەک ئەنجامی نیگەرانکەر.
هەریەکە لە مارک هیوز، بەڕێوەبەری وەرزشی و مایکڵ ئێدواردس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لیڤەرپوول تەواو پاڵپشتی سڵۆت دەکەن و لە گۆڕانکارییەکی هونەری وەکو یاریپێکردنی دۆمێنیک سۆبۆسلای لە بەرگریکاری باڵی راست تێگەیشتوون.
ئەوەی بەلای یانەکەوە گرنگە، لە نیازی سڵۆت تێگەیشتوون و دەزانن کە سەڵاح بە شێوەیەکی کۆتایی لە پێکهاتەی سەرەکی دوورنەخراوەتەوە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی کاتییە و دوای جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، هەموو شتێک ئاسایی دەبێتەوە.
![]()
سەڵاح خۆشەویستە بەڵام لەکەس نزیک نییە
یاریزانان و ستافی لیڤەرپوول، لە ژووری جلگۆڕن رێزێکی زۆر لە سەڵاح دەگرن، بەڵام سەرباری ئەمەش، پەیوەندییەکی تۆکمەی لەگەڵ زۆرینەی یاریزانان و ستافی یانەکەدا نییە.
یەکێک لە هۆکارەکانی تەقینەوەی سەڵاح بریتییە لە خۆبینی ‘خۆبەزلزانین’ی سەڵاح لە ژووری جلگۆڕین، چونکە کاتێک لە پێکهاتەی سەرەکیدا نەبێت، هەستی بە کەمبوونەوە کردووە و زوو تەقییەوە.
رامۆن عەباس، بەڕێوەبەری کارەکانی سەڵاح، خاوەن کەسایەتییەکی ئاڵۆزە و گفتوگۆکانیش بەردەوام ئاڵۆز دەکات.
عەباس حەز بە گفتوگۆی راستەوخۆ دەکات و نایەوێت هەرگیز گفتوگۆ لە رێی واتسئاپ و ئەپڵیکەیشنەکانی دیکە بکات، هەرکاتێک لایەنی دووەم لە وادەکەی دوابکەوێت، دەستبەجێ شوێنەکە جێدەهێڵێت و ئارامی نییە.
لە گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستی سەڵاح، عەباس گومانی لە جیددیەتی لیڤەرپوول بۆ هێشتنەوەی سەڵاح هەبوو، بۆیە داوای مووچەی 400 هەزار پاوەندی بۆ مانەوەی سەڵاح کرد و لیڤەرپوولیش داواکەی جێبەجێکرد.
سەڵاه وەرزێکی نموونەیی پێشکەشکرد و ئەمەش هۆکاری سەرەکی جێبەجێکردنی تەواوی مەرجەکانی سەڵاح بوون.

![]()
پێشبینی چی بکەین؟
دۆخی ئێستای لیڤەرپوول چەندین سیناریۆی لێ چاوەڕێ دەکرێت و دیارترینیان؛
- ئاشتبوونەوە؛ ئەگەر هیوز و ئێدواردس لە ئاشتکردنەوەی سڵۆت و سەڵاح سەرکەوتووبن، ئەوا دوای یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، سەڵاح دەبێتەوە سەرەکی.
- فرۆشتن؛ ئەگەر سەڵاح لە جێهێشتنی لیڤەرپوول سووربێت، ئەوا لە بازاڕی گواستنەوەی زستانە رێی بۆ خۆشدەکەن.
– هیلال و چەندین یانەیەکی سعوودی ئامادەن بیگوازنەوە. - چەند یانەیەکی خولی ئەمریکی چاودێری دۆخەکە دەکەن و یانەی سان دیێگۆ کە محەمەد مەنسووڕ، گەورە بازرگانی میسڕی خاوەنیەتی، ئامادەیە بیگوازێتەوە.
- چیکاگۆ فایەر پێشتر هەوڵی گواستنەوەی سەڵاحی دابوو، لەوانەیە جارێکی دیکە بێتەوە سەر هێڵ.
تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە و ماڵباتی سەڵاح لە لیڤەرپوول دڵخۆشن، هەموو شتێک بۆ دوای جامی نەتەوەکانی ئەفریقا دواخراوە.



