Loading...
ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

ریال مەدرید پێدەنێتە زۆنی مەترسی؛ ئاڵۆنسۆ بەر لە یارییەکەی مان سیتی کەوتووەتە بەر لێشاوێک گومان

تاوەکو سەری ساڵ لەوانەیە چارەنووسی ئەم وەرزەی ریال مەدرید بە ئەگەرێکی زۆر دیارییبکرێت

Yariga App

یاریگا –

ریال مەدرید کەوتووەتە قۆناخێکی زۆر هەستیاری ئەم وەرزە، ئەمەش دوای دۆڕانی یارییەکەی شەوی رابردووی بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ.

رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید لەسەر ئاستی یاریزانان و چابی ئاڵۆنسۆ، راهێنەری ریال مەدرید لە حاڵەتێکی شێواوە، چونکە ئاڵۆنسۆ وەکو کەسێکی بێ چارەسەر ماوەتەوە و توانای جووڵاندنی تیمەکەی لەدەستداوە.

ریال مەدرید ئاستێکی ‘خراپ’ی لە نێو یاریگای خۆی پێشکەشکرد کە لەگەڵ ریزبەندی پێنج گەڕ پێش ئێستای لالیگا هاوتەریب نییە، ئەوکاتەی مەدرید بە جیاوازی پێنج خاڵ لەگەڵ بارسێلۆنا، پێشەنگی ریزبەندی لالیگا بوو، کەچی ئێستا بە چوار خاڵ لەدواوەیە و ئەمەش ناڕوونییەکی زۆری لە نێو یانەکە دروستکردووە.

گەشبینییەکەیان زوو بەهەواداچوو

رۆژنامە نزیکەکەی ریال مەدرید روونیکردووەتەوە، بردنەوەکەی یاریگای سان مامێس 3-0 بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو، وێنەیەکی ئەرێنی لای هاندەرانی مەدرید دروستکرد. ریال مەدرید چوار رۆژی هێمنی بەڕێکرد، بەڵام دۆڕانەکەی سێلتا ڤیگۆ، تیمێکی لاوازی پیشاندا.

ریال مەدرید نەیتوانی بە درێژایی یارییەکە هاندەران بە ئاستەکەی رازیبکات و تاوەکو ئێستا شیکردنەوەیەکی لۆژیکی بۆ دۆخەکە نەکراوە و ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر یاریزانان و دەستەی هونەری دروستکردووە.

پێشتر لە نێو یانە شاهانەکە قسەیەک دەکرا کە تاقیکردنەوەی راستەقینە بۆ ئاڵۆنسۆ لەدوای جامی سوپەری ئیسپانیا دەستپێدەکات، بەڵام یارییەکەی سێلتا ڤیگۆ، هەموو هاوکێشەیەکی گۆڕیوە و بەر لە یارییەکەی مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگ، یانەکەی خستووەتە ژێر فشارێکی بێوێنە.

نەبوونی رۆحیەتی بردنەوە

رۆژنامەی ئاس جەختیکردووەتەوە، ئەوەی زۆر جێی نیگەرانییە، دەرکەوتنی شلبوونەوەی یاریزانانە لە یارییەکاندا.

یاریزانان کەمتر خۆیان ماندوو دەکەن، تەنانەت لە 65 خوولەکی دەستپێکدا، تیمەکە تەواو وەستابوو و ئاڵۆنسۆش بەدیار یاریزانانەوە نەیدەزانی چیبکات، جگە لە چەند گۆڕانکارییەکی وەکو بەشداریپێکردنی رۆدریگۆ و دواتریش گۆنزالۆ، کە هیچ کاریگەرییەکیان دروست نەکرد.

ریال مەدرید لە ژێر فشارێکی زۆر 72 کاتژمێری بەر لە یاریی لووتکە بەرامبەر مان سیتی بەڕێدەکات و ئەم یارییە وەکو رووداوێکی بچووک سەیر ناکرێت، چونکە بەم ئاستە، مان سیتی و پێپ گواردیۆلا، قەیرانی ریال مەدرید دوو ئەوەندە لێدەکەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button