
یاریگا –
شەوی رابردوو 7ـی دێسێمبەری 2025 ریال مەدرید لە یاریگای خۆی 2-0 بە سێلتا ڤیگۆ دۆڕا و جیاوازییەکە لەگەڵ بارسێلۆنای پێشەنگ بۆ چوار خاڵ بەرزبووەوە.
بەهۆی شکستە سەختەکەی ریال مەدرید هێرشی رۆژنامە مەدریدییەکان بۆسەر چابی ئاڵۆنسۆ، راهێنەری یانەکە چڕتربووەتەوە، بەڵام ئەمجارە تەنیا رۆژنامەکان نین و هێرشەکە شرۆڤەکاران و پێشکەشکارانیشی گرتووەتەوە.
هەر دوای یارییەکە خوانما رۆدریگێز، پێشکەشکاری بەناوبانگی ئیسپانی لە کەناڵی ئێل چیرینگوێتۆ هێرشێکی تووندی کردە سەر چابی ئاڵۆنسۆ و وەک خراپترین راهێنەری ریال مەدرید وەسفی دەکات.
هەر لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی چابی ئالۆنسۆ، هەرگیز متمانەم بەم راهێنەرە نەبووە، هەروەها بەشداریم لەو شەپۆلی خۆشحاڵییە نەکرد کە هەواداران و میدیاکانی گرتەوە.
زۆر مەترسی و گومانی گەورەترم لە ناویدا بینی. چابی ئاڵۆنسۆ بە یەک دەستکەوتی گەورە گەیشتە ریال مەدرید، ئەویش لەگەڵ لیڤەرکوزن بوو، بەڵام ئەمە لیڤەرکوزن نییە.
لێرە فشارەکان جیاوازن، چاوەڕوانییەکان جیاوازن، ژووری خۆگۆڕینیش پڕییەتی لە ئەستێرە گەورەکانی جیهان.
بەسەربردنی پێنج ساڵ وەک یاریزانێک لە بێرنابیۆ هەرگیز بەس نییە بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی و ئاڵۆزی ئەم دامەزراوەیە.
گەورەترین هەڵە ئەو بۆچوونە بەربڵاوە بوو کە ئاڵۆنسۆ دەبێتە “مۆرینیۆی نوێ”.
ئەمە هەڵەیە. جیاوازییەکی گەورە لە نێوان ئەو دوو پیاوەدا هەیە لە کەسایەتی و ئەزموون و توانای کۆنترۆڵکردنی تیمێک کە پڕە لە خۆبەزلزانین.
ئێستا، ئیتر ناتوانرێت دۆخەکە دوابخرێت.
فلۆرێنتینۆ پێرێز و ئیدارەی یانەکە دەبێت بە زووترین کات بڕیارێکی رادیکاڵ و یەکلاکەرەوە بدەن، نابێت زیاتر دوای بخەن.
بردنەوەیەک لە ئەمڕۆ یاخود سبەی ئەو وێنە خەمناکە ناگۆڕێت کە تیپەکە لە سەرەتای وەرزەوە تێیدا بووە، هەروەها ئەو بۆگەنییە گشتگیریەش لەناو نابات.
بە سادەیی ئەوە بەڕێکەوت نییە کە هەموو ئەستێرە گەورەکانی وەک ئێمباپێ، ڤینیسیۆس، بێلینگهام، رودیگەر و ئەوانی دیکە ئاستیان لە خوار ئاستی ئاسایی خۆیانەوەیە.
ئەمە تەنها کاتێک روودەدات کە ستایلێکی روونی یاریکردن نەبێت، پاڵنەر کاڵ بێتەوە و دیسیپلین و سەرکردایەتی لاواز بێت.
راشکاوانە بڵێم نە من و نە یاریزانەکان نازانین شێوازی یاریکردنی ریال مەدرید لە سەردەمی چابی ئەلۆنسۆدا چییە.
ئەگەر بەدەست من بوایە، ئێستا دوورمدەخستەوە، هەر ئێستا.. نەک سبەی. بەڵکو سبەی راستەوخۆ جۆزێ مۆرینیۆم بەبێ دوودڵی دەهێنایەوە بێرنابیۆ.
😳 "HAY que TOMAR una DECISIÓN CUANTO ANTES".
🙏 "Si yo pudiera, traería mañana a Mourinho".
💣 @juanma_rguez llega con todo y asegura que no debe seguir Xabi Alonso del Real Madrid. pic.twitter.com/YRujew7i1x
— El Chiringuito TV (@elchiringuitotv) December 8, 2025



