بە یەک یاریی بووەتە باشترین راهێنەری مانگ لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق!
سەیر و سەمەرەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق

یاریگا –
لە کارێکی سەیردا، یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق بە یەک یاریی باشترین راهێنەری مانگی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێڕاقی دەستنیشانکردووە.
لیژنەی باشترینەکان لە یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق، جاسب سوڵتانی راهێنەری مووسڵی بە باشترین راهێنەری مانگی نۆڤێمبەری خولی ئەستێرەکانی عێڕاقی دەستنیشانکرد، ئەمە لە کاتێکدایە مانگی نۆڤێمبەر تەنها یەک یاریی تیایدا بەڕێوە چووە و بە هۆی یارییەکانی هەڵبژاردەی عێڕاقەوە یاریی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق وەستاوە.
مووسڵ لە 21ـی نۆڤێمبەر لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 2 _ 1 لە نەفتی بردەوە، لەم مانگەشدا تەنها گەڕی حەفتەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق کراوە، یەکەم جاریشە لەم وەرزە راهێنەری مووسڵ نازناوی باشترین راهێنەر بەدەست دەهێنێت.
وەرزی رابردوو جاسب سوڵتان توانی مووسڵ بگەیەنێتە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، ئەم وەرزەش لە خولەکە تاوەکو ئێستا لە کۆی حەفت یاریی نۆ خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 13ـی خولەکە دێت.



