تیروپشكی مۆندیال؛ هەموو وردەكارییەكانی تیروپشكی مۆندیالی 2026
فیفا وردەکارییەکانی رێوڕەسمی تیروپشکی مۆندیالی 2026 لە ناوەندی کێنێدی ئاشکرا دەکات

یاریگا –
ئەمڕۆ هەینی كاتژمێر 20:00 بەكاتی هەولێر، رێوڕەسمی تیروپشكی جامی جیهانی 2026 لە ناوەندی كێنێدی لە واشنتنی پایتەختی ئەمریكا دەكرێت.
مۆندیالی 2026 لەلایەن وڵاتەكانی ئەمریكا، كەنەدا و مەكسیک میوانداری دەكرێت و بۆ یەكەمجار بە بەشداری 48 هەڵبژاردە یارییەكانی بەڕێوەدەچێت.

سەرجەم 48 هەڵبژاردەكە بەسەر چوار ئاستدا دابەشكراون و 12 كۆمەڵە پێكدەهێنن.
ئاستی یەكەم؛ کەنەدا، مەکسیک، ئەمریکا، ئیسپانیا، ئەرجەنتین، فەرەنسا، ئینگلتەرا، بەرازیل، پورتوگال، هۆڵەندا، بەلجیکا، ئەڵمانیا.
ئاستی دووەم؛ کرواتیا، مەغریب، کۆڵۆمبیا، ئۆرۆگوای، سویسرا، ژاپۆن، سەنیگال، ئێران، کۆریای باشوور، ئیکوادۆر، نەمسا، ئوسترالیا.
ئاستی سێیەم؛ نەرویج، پەنەما، میسر، جەزائیر، سکۆتلەند، پاراگوای، تونس، کۆتدیڤوار، ئۆزبەکستان، قەتەر، سعودیە، باشووری ئەفریقا.
ئاستی چوارەم؛ کیپ ڤێرد، غانا، کوراساو، هایتێ، نیوزلەندا، چوار هەڵبژاردەی پلەی ئۆفی ئەوروپا، دوو هەڵبژاردەی پلەی ئۆفی کیشوەرەکان.
یاساكانی تیروپشكەكە؛
سەرجەم هەڵبژاردەكان بەسەر 12 كۆمەڵەدا دابەش دەبن، یەكەم و دووەمی سەرجەم كۆمەڵەكان لەگەڵ باشترین هەشت هەڵبژاردەی سێیەم دەگەنە قۆناخی 32ی پاڵەوانیەتییەكە.
لە تیروپشكەكدا هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی هەڵگری نازناوەكە و هەڵبژاردەی ئیسپانیای پاڵەوانی یۆرۆ دەكەونە دوو رێگای جیاوازەوە و تاوەكو یاریی كۆتایی رووبەڕووی یەک نابنەوە.
رێگە نادرێت دوو هەڵبژاردەی یەک كیشوەر بكەونەوە یەک كۆمەڵەوە، بێجگە لە ئەوروپا كە 16 هەڵبژاردە نوێنەرایەتی كیشوەرەكە دەكەن.
كێ رێوڕەسمەكە پێشكەشدەكات؛
کێڤن هارت، ئەکتەری بەناوبانگی کۆمیدی ئەمریکی و هادی کلووم، میدیاکار و فاشۆن مۆدڵی ئەڵمانی لەگەڵ دانی رامیرێز، ئەکتەری ئەمریکی پێشکەشکاری سەرەکی رێوڕەسمەکە دەبن.
لە كوێ پەخشدەكرێت؛
فیفا لەڕێی وێبسایت و چەناڵی فەرمی لە یوتیوب، رێوڕەسمەکە بە خۆڕایی پەخش دەکات و کەناڵەکانی وەکو فۆکس سپۆرت، TSN و بی ئین سپۆرتس رێوڕەسمەکە دەگوازنەوە.



