
یاریگا –
یەکێتیی تۆپی پێی جیهان بڕیارێکی یەکلاییکەرەوەی دەرکرد بۆ کۆتاییهێنان بەو مشتومڕەی لەبارەی بەشداری یاریزانان لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقای 2025 و مۆندیالی 2026 دروست ببوو، فیفا رایگەیاند کە یانەکان ناچارن یاریزانەکانیان بۆ ئەو دوو پاڵەوانێتییە ئازاد بکەن.
داخستنی دەرگای بیانوی یانەکان
لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ یەکێتییە ناوخۆییەکان و یانەکان، فیفا روونکردنەوەی لەسەر ئەو یاسایەی کە پێشتر رێگەی بە یانەکان دەدا رێگری لە یاریزانان بکەن ئەگەر لە ساڵێکدا دوو پاڵەوانێتی گەورە هەبێت.
فیفا جەختی کردەوە کە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا کە بڕیارە لە مەغریب بەڕێوەبچێت (لە 21ـی کانوونی یەکەمی 2025 تاوهكو 18ـی کانوونی دووەمی 2026)، بە فەرمی تەنیا لەسەر رۆژمێری ساڵی 2025 هەژمار دەکرێت، هەرچەندە دەچێتە ناو ساڵی 2026، بەمەش یانەکان هیچ پاساوێکی یاساییان نامێنێت بۆ رێگریکردن لە یاریزانەکانیان بۆ بەشداری لە مۆندیالی 2026ـیشدا.
گۆڕانکاری لە وادەی پەیوەندیکردنی یاریزانان
وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، فیفا وادەی ئازادکردنی یاریزانانی بۆ پەیوەندیکردن بە هەڵبژاردەکانیان لە 8ـی کانوونی یەکەمەوە بۆ 15کانوونی یەکەمی 2025 دواخست.
ئەم بڕیارە بۆ ئەوەیە یانەکان بتوانن لەو ماوە هەستیارەی خولە ئەورووپییەکاندا کەمتر زیانمەند بن، بەڵام هێشتا ئەمە بەس نییە بۆ رەواندنەوەی نیگەرانی یانە گەورەکان.
ترسی ئەورووپییەکان و ئاسوودەیی ئەفریقا
ئەم بڕیارە نیگەرانییەکی زۆری لای یانە گەورەکانی ئەورووپا، بەتایبەت لە ئینگلتەرا و فەرەنسا دروستکردووە، چونکە بەشێکی زۆری ئەستێرەکانیان ئەفریقین و بۆ ماوەیەکی درێژ لە قۆناخێکی یەکلاییکەرەوەی وەرزەکەدا لێیان دادەبڕێن.
لە بەرامبەردا، هەڵبژاردە ئەفریقییەکان پێشوازییان لەم هەنگاوە کردووە، چونکە مسۆگەری دەکات کە دەتوانن بەبێ کێشە و بە تەواوی ئەستێرەکانیانەوە بەشداری لە پاڵەوانێتییە گەورەکاندا بکەن.



