تەواو؛ بەشداریکردنی شاندی ئێران لە رێوڕەسمی تیروپشکی جامی جیهانی 2026 یەکلاییکرایەوە
هەواڵدەری فەرمی ئێران هەموو شتێک ئاشکرا دەکات

یاریگا –
بەرەبەیانی ئەمرۆ پێنجشەممە، شاندێکی یەکێتیی تۆپی پێی ئێران بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی جامی جیهانی 2026 بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکان بەڕێکەوت.
دەزگای ئێزگە و تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران (سەدا و سیما) بڵاویکردووەتەوە، هەریەکە لە ئەمیر قەلعەنۆوی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئێران، مەهدی محەمەد نەبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێ و ئومێد جەمالی، بەرپرسی بەشی نێودەوڵەتی یەکێتیی تۆپی پێ ئێستا لە ئیستانبووڵ، پایتەختی تورکیان و ئەمڕۆ گەشتی واشنتن، پایتەختی ئەمریکا دەکەن.
دوو هەفتە بەر لە ئێستا، یەکێتیی تۆپی پێی ئێران لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی تیروپشکی جامی جیهانی رەتکردەوە، ئەمەش بەهۆی پێنەدانی ڤیزە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە، بەڵام پێدەچێت دواتر کێشەکانیان چارەسەرکرابن و ڤیزە بە سێ ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی ئێران درابێت.
لەلایەکی دیکەوە، دوێنێ چوارشەممە، دەستەی رێکخستنی بیستراو و بیندراوی ئێران، لە کاردانەوەی بڕیاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پەخشکردنی رێوڕەسمی تیروپشکی مۆندیالی 2026 لە پلاتفۆڕمەکانی ئەلیکترۆنی قەدەخەکرد و تەنیا کەناڵی فەرمی ئێران، رێوڕەسمەکە دەگوازێتەوە.



