
یاریگا –
یانەی ریاڵ مەدرید لە مەراسیمێکی تایبەتدا، پەردەی لەسەر پڕۆژەیەکی هونەری و بەڵگەنامەیی ناوازە لابرد بە ناوی کتێبی “دڵی سپی” (Corazón blanco). ئەم بەرهەمە ئاهەنگێڕانە بە مێژووی یانە شاهانە و ئەو بەهایانەی کە شوناسی یانەکەیان لە ماوەی زیاتر لە سەدەیەکدا دروست کردووە.
CORAZÓN BLANCO 🏟️📕 pic.twitter.com/6Rgm9DE2kE
— HamzaRMFC 🅜🅔🅓🅘🅐 (@HamzaRMFC2) November 27, 2025
وەشانێکی سنووردار و هاوبەش
کتێبەکە بەرهەمی هاوبەشی نێوان یانەی ریاڵ مەدرید و خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی جیهانی “Artika Books” (کتێبی ئارتیکا) سەر بە گروپی پلانێتایه، ئەوەی ئەم کتێبە جیادەکاتەوە ئەوەیە کە بە ژمارەیەکی زۆر سنووردار چاپکراوە و لە تەواوی جیهاندا تەنیا 2.998 دانەی لێ بەردەست دەبێت و نرخی 5.990 یۆرۆیه
مەراسیمی راگەیاندنەکە بە ئامادەبوونی فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانە و خۆسێ کرۆهێراس سەرۆکی گروپی پلانێتا بەڕێوەچوو.

دیزاینێک لە شێوەی بێرنابیۆ
بەپێی راپۆرتەکان، کتێبەکە لەناو سندوقێکی پەیکەرسازیدا دانراوە کە دیزاینەکەی لە تەلارسازییە پێشکەوتووەکەی یاریگای نوێی سانتیاگۆ بێرنابیۆ وەرگیراوە، بههۆی كوالێتیهكه بەرزەکەی رەنگدانەوەی رۆحی مۆدێرنی یاریگاکەیە و وەک هێمایەک بۆ داهێنان دروستکراوە.
گەشتێک بەناو مێژوودا (416لاپەڕە)
کتێبەکە لە 416 لاپەڕە پێکهاتووە و گەشتێک دەکات بەناو رۆح و کولتووری ریاڵ مەدریددا، لە دامەزراندنی یانەکەوە لە ساڵی 1902 دەست پێ دەکات، تێپەڕ دەبێت بە سەردەمی ئەفسانەیی دی ستیفانۆ و گۆڵەکانی پوشکاش و نەوەی زێڕینی هەشتاکان، تاوهگو دەگاتە دەستکەوتە نوێیەکان و بەدەستهێنانی 15هەمین نازناوی چامپیۆنزلیگ.
بەڵگەنامە نهێنی و دەگمەنەکان
ئەم کتێبە کۆمەڵێک بەڵگەنامەی مێژوویی تێدایە کە کۆپی کراونەتەوە و لە ئەرشیفی تایبەتی یانەکە دەرهێنراون، لەوانە:
- نامەی شا ئەلفۆنسۆی سێیەم، کە نازناوی ڕیاڵ (شاهانە)ی بەخشییە یانەکە.
- یەکەم گرێبەستی ئەفسانە ئەلفرێدۆ دی ستیفانۆ.
- نامەیەکی فەرمی سانتیاگۆ بێرنابیۆ سەبارەت بە بەشداریکردن لە یەکەم وەشانی جامی ئەوروپا.
- نامەی فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆ رۆناڵدۆ نازاریۆ دوای پەیوەندیکردنی بە یانەکەوە.
دیارییەکی مێژوویی: پارچەیەک لە یاریگای کۆن
سەرنجڕاکێشترین بەشی ئەم وەشانە ئەوەیە، هەر کتێبێک پارچەیەکی مێژوویی رەسەنی لەگەڵدایە. ئەویش بریتییە لە پارچەیەک دەسکی سکەمەکانی یاریگای کۆنی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، کە لۆگۆی ریاڵ مەدریدی لەسەر هەڵکۆڵدراوە و ژمارەی لەسەرە. ئەمەش وەک یادگارییەکی بەرجەستە دەمێنێتەوە بۆ خاوەنەکەی.
نرخ و بەدەستهێنان
- هەر خاوەن کتێبێک دەتوانێت ناوی خۆی لەسەر کتێبەکە بنووسێت.
- نامەیەکی تایبەتی فلۆرێنتینۆ پێرێزی تێدایە.
- کتێبەکە لە 27ـی نۆڤەمبەرەوە بە هەردوو زمانی (ئیسپانی و ئینگلیزی) بەردەستە.
- مافی کڕین سەرەتا بۆ ئەندامانی یانەکەیە (بۆ ماوەی 7 رۆژ)، دواتر بۆ هەڵگرانی کارتی وەرزی، ئینجا بۆ جەماوەری گشتی دەخرێتە ڕوو.



