Loading...
ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌راپۆرتی تایبەتگرنگترین

بڵاونامەی گرێبەستەکان 2026؛ پلانەکانی ریال مەدرید بۆ گواستنەوەی یاریزانان چین؟

هەموو وردەکارییەک لەبارەی ئامادەکارییەکانی ریال مەدرید بۆ بەشداریکردن لە مێرکاتۆی زستانە بزانە

Yariga App

یاریگا –

بەخێربێن بۆ بڵاونامەی گرێبەستەکانی ریال مەدرید بۆ ساڵی 2026 و بازاڕی گواستنەوەی زستانە بەتایبەت.

بڵاونامەی گرێبەستەکان رووماڵێکی فراوان و چڕی بازاڕی گواستنەوەکانی یانە گەورەکان دەکات، ئەمیش بە پشتبەستن بە زانیاری میدیا گەورە و متمانە پێکراوەکانی وەرزشی جیهانی.

لە تۆڕی وەرزشی یاریگا تەواوی وردەکارییەکان پێش هەمووان بزانە. بڕیارە بازاڕی گواستنەوەی زستانە لە 1ی یەنایەر/کانوونی دووەمی داهاتوو دەستپێبکات و مانگێک بەردەوام دەبێت، بڵاونامەی گرێبەستەکانیش هەفتانە دەخرێتە بەر دیدی خوێنەرانی یاریگا.

ریال مەدرید بە نیازی چییە؟

کەتیبەکەی چابی ئاڵۆنسۆ لە زۆر لایەنەوە کێشەی نییە، ئەوەی سەرنجی لەسەر بێت، تەنیا شوێنی دڵی بەرگرییە.

گرێبەستەکانی ئانتۆنیۆ رودیگەر و دەیڤد ئالابا لە هاوینی داهاتوو بەسەردەچن و دەبنە یاریزانی ئازاد. تاوەکو ئێستا چارەنووسی هەردوو بەرگریکارە لە مەدرید یەکلایی نەکراوەتەوە، بەڵام بەگوێرەی ئاماژەکان بێت، هەردوو بەرگریکارە بەڕێدەکرێن و گرێبەستیان نوێ ناکرێتەوە.

دەیڤد ئالابا لە مەشقەکانی ریال مەدرید

هەریەکە لە دین هاوسن، ئیدێر میلیتاو و راوول ئاسێنسیۆ بژاردەی نەگۆڕاوی ئاڵۆنسۆن، بەڵام یانە مەدریدییەکە چاوی لە زیادکردنی ناوێکی دیکەیە.

لە هێڵی ناوەڕاستدا، فشار بۆ دۆزینەوە و گواستنەوەی ئەستێرەیەک زۆربوون، چونکە لە مەدرید هیچ یاریزانێک نییە بتوانێت هاوشێوەی تۆنی کرووس و لوکا مۆدریچ ریتمی یارییەکان کۆنتڕۆڵ بکات.

ریال مەدرید چاودێری کێ دەکات؟

لە ماوەی رابردوودا، ستافی زانیاری دەسخەرانی ریال مەدرید، فایڵی گەڕان و هەڵسەنگاندنی یاریزانانیان رادەستی دەستەی کارگێڕی و ستافی هونەری کردووە.

لەسەر ئاستی بەرگری، ریال مەدرید بە فەرمی لیڤەرپوولی ئاگادارکردووەتەوە، ئیتر گرنگی بە ئیبراهیما کۆناتێ نادەن.

لەلایەکی دیکەوە، ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، لە دۆخی ئێستای ریال مەدرید، ماڕک گێی لە رادارەکان نەماوە و چاوەڕێی تەواوبوونی گرێبەستەکەی لە هاوینی داهاتوو لەگەڵ کریستال پاڵاس دەکەن.

دایۆت ئوپامێکانۆ، بەرگریکاری بایرن میونشن یەکێکی دیکەیە لە بژاردەکانی ریال مەدرید و ئەویش گرێبەستەکەی لە هاوینی داهاتوو بەسەردەچێت. لۆس بلانکۆس لە کێبڕکێی ئەم بەرگریکارەش خەریکە دەکشێتەوە و چاوەڕێی تەواوبوونی گرێبەستەکەی دەکات.

سەرخستنی چەند بەرگریکارێکی تیمی کاستییا (تیمی دووەمی مەدرید) لە ماوەی داهاتوودا وەکو بژاردە سەیر ناکرێت، بەڵام لە کاتی پێویستیدا هاوکێشەکە دەگۆڕێت.

خوان مارتینێز، بەرگریکاری 18 ساڵە، یەکێکە لە دیارترین بەهرەمەندەکانی تیمی کاستییا، هەروەها دیێگۆ ئاگوادۆ، 18 ساڵ، یەکێکی دیکەیە لەو بەرگریکارانەی ریال مەدرید چاوەڕێی گەشەکردنی دەکات. جیا لەم دوو یاریزانەش، ڤیکتۆر ڤالدێپێناس، بەرگریکاری 19 ساڵان سەرنجی ئاڵۆنسۆی راکێشاوە، بەڵام پەلەی لێناکات.

لەسەر ئاستی هێڵی ناوەڕاست، ریال مەدرید لە هاوینی رابردوودا نیازی فرۆشتنی دانی سێبایۆسی هەبوو، ئەمەش دەرگای بۆ گواستنەوەی یاریزانی نوێ کردەوە، بەڵام لە کۆتاییدا سێبایۆس لە بێرنابیۆ مایەوە.

ریال مەدرید لە مێرکاتۆی هاوینەی رابردوودا، چاودێری کێس سمیت، ناوەڕاستکاری AZ ئەلکمار و ئادام وارتن، ناوەڕاستکاری کریستال پاڵاس دەکرد.

ئادام وارتن لەگەڵ کریستال پاڵاس

دەبێ بە چاوێکی تیژ سەیری کەیسی نیکۆ پاز بکەین، چونکە یەکێکە لە دیارترین ئەستێرەکانی ئێستای سێریا ئەی و ئێستا ئاستێکی ناوازە لەگەڵ کۆمۆ پێشکەش دەکات.

مەدرید توانای دووبارە گرێبەستکردنەوەی لەگەڵ پاز هەیە، ئەمەش بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان کۆمۆ و ریال مەدرید، بەڵام تاوەکو ئێستا ریال مەدرید بڕگەی گرێبەستەکەی چالاک نەکردووە و گەڕاندنەوەی نیکۆ تەنیا 9 ملیۆن یۆرۆی تێدەچێت.

مەدرید کێ دەفرۆشێت؟

ریال مەدرید ئامادەیە گوێ لە ئۆفەرەکانی رۆدریگۆ بگرێت. ئەستێرە بەڕازیلییەکە بە دۆخێکی ناجێگیر تێدەپەڕێت و 30 یارییە هیچ گۆڵێکی بۆ مەدرید نەکردووە.

چەند یانەیەکی پرێمەرلیگ گرنگییان بە تواناکانی رۆدریگۆ داوە و بەگوێرەی زانیارییەکان، یانە شاهانەکە ئامادەیە لە دەستپێکی ساڵی داهاتوودا، گوێ لە ئۆفەرەکان برێت.

سێبایۆس ناوێکی دیکەیە کە بۆ جێهێشتنی مەدرید پاڵێوراوە، یاریزانە ئیسپانییەکە لە هاوینی 2024 و 2025 لە جێهێشتنی مەدرید نزیکبوو، بەڵام هیچ ئۆفەرێکی گونجاو (بە دیدی ریال مەدرید) پێشکەشی یاریزانەکە نەکرا.

مووچەی سێبایۆس بریتییە لە 4.5 ملیۆن یۆرۆ و گرێبەستەکەی لە هاوینی ساڵی 2027 بەسەردەچێت، بۆیە ئەمجارە ریال مەدرید لاری لە ئۆفەری کەمیش نابێت.

سەرەڕای ئاست بەرزی فڕان گارسیا لە مۆندیالی یانەکان، بەڵام پێدەچێت دوای گەڕانەویە فێرلاند مێندی و سەرەکیبوونی ئالڤارۆ کارێراس، ئیتر شوێنی گارسیا لە بێرنابیۆ نەماوە.

لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی رابردوودا، دەنگۆی جیاواز لەبارەی چوونە دەرەوەی ئێندریک و گۆنزالۆ گارسیا هەبوون، ئێستاش دەرفەتەکانی هەردوو یاریزانەکە زۆر کەمبوونەتەوە.

ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، لیۆن خەریکە بە خواستن ئێندریک دەگوازێتەوە و گفتوگۆکانی ئێستایان لە ئاستێکی پێشکەوتوودایە.

گۆنزالۆ گارسیا لەم وەرزەدا 11 جار یارییکردووە، بەڵام بەشدارییەکانی 135 خوولەکی تێنەپەڕاندووە، دەرگای گواستنەوەی بۆ کراوەتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button