شەقڵاوە بە هێنانی چوار یاریزانی پیشەگەر ریزەکانی بەهێز دەکات
ئامانجی شەقڵاوە گەڕانەوەیە بۆ ریزی نایابی کوردستان

یاریگا –
شەقڵاوە بە هێنانی چوار یاریزانی پیشەگەری ئێرانی دەیەوێت بەشداری خولی پلە یەکی کوردستان بکات و جارێکی دیکه بگەڕێتەوە ریزی نایاب.
بە راهێنەرایەتی رەفیق سەعید، شەقڵاوە سێ شەممە ( 2ـی دیسێمبەری 2025 ) یەکەم یاریی وەرزی نوێ لە خولی پلە یەکی کوردستان لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر بابان دەکات، پێشووتر لە لێدوانێکی تایبەت بۆتۆڕی وەرزشی یاریگا، راهێنەری تیپەکە ئامانجی ئەم وەرزەی ئاشکرا کردبوو کە گەڕانەوەیە بۆ ریزی نایاب.
بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەکەی، شەقڵاوە گرێبەستی لەگەڵ چوار یاریزانی پیشەگەری ئێرانی واژۆ کردووە کە ئەوانیش محەمەد فەزڵی و ئەکبەر ئافاقی و محەمەد دەهقانی و عەباس شیروەندن. شەقڵاوە بۆ ئەم وەرزەی خولی پلە یەکی کوردستان سەرکەوتوو بوو لە هێنانی نۆ یاریزانی نوێ بۆ پێکهاتەکەی، گرێبەستی 10 یاریزانی وەرزی رابردووشی نوێکردەوە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، شەقڵاوە ئەم وەرزە یەک یاریی لە یاریگای خۆی دەکات و دواتر دەست بە نۆژەنکردنەوەی یاریگاکەی دەکرێت، بە ئەگەرێکی زۆر یارییەکانی ئەم وەرزەی دەگوازێتەوە بۆ یەکێک لە یاریگاکانی شاری هەولێر.



