Loading...
ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

جارێکی دیکە پێشەنگی لالیگایە؛ بۆچی فلیک تووڕەیە؟

شیکاری تایبەتی ئاتلێتیک و تۆڕی وەرزشی یاریگا

Yariga App

یاریگا و ئاتلێتیک –

تۆڕی ئاتلێتیک لە راپۆرتی هەفتانەی خۆیدا لەبارەی دۆخی بارسێلۆنا، کۆمەڵێک نهێنی و زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات. تۆڕی وەرزشی یاریگا بە راپۆرتێکی تێروتەسەل و بە هاوکاری تۆڕی ئاتلێتیک، دوایین پەرەسەندنەکانی دۆخی ناوخۆیی ریال مەدرید دەخاتەڕوو.

دیارترین رووداوەکانی ئێستا چییە؟

سەرەڕای ئەوەی بارسێلۆنا لە دوا چوار یاریدا سەرکەوتوو بووە و گەڕاوەتەوە پێشەنگایەتی لالیگا، ئەمەش دوای یەکسانبوونی جیڕۆنا بەرامبەر ریال مەدرید، دۆخی بارسا باش نییە.

دوای بردنەوەی بارسێلۆنا لە ئالاڤێس 3-1، کامێراکانی پلاتفۆڕمی ‘Dazn’ دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی بڵاوکردەوە، تیایدا رافینیا دڵی هانزی فلیک دەداتەوە و راهێنەرە ئەڵمانییەکە نیگەران و تووڕە دیارە.

فلیک تەنیا ئەنجامی یارییەکەی بەلاوە گرنگ نییە، بەڵکو چاوی لە زیاترە و دەیەوێت فەلسەفەکەی بە تەواوی جێبەجێ بکرێت. لە دوای یارییەکە فلیک گوتی؛

هاوشێوەی وەرزی رابردوو کۆنتڕۆڵی یارییەکان ناکەین، پێویستە خۆمان باشتر بکەین، ئەمە شتێکی روونە.

لە بارسێلۆنا بابەتەکە تەنیا بردنەوە و دۆڕان نییە، بەڵکو شێوازی یارییکردن لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە و نایانەوێت هەرگیز جادووی تایبەتی خۆیان لەدەستبدەن.


 

بارسێلۆنا ئەوەندە خراپە؟

تاوەکو هەفتەی رابردوو، سەرەڕای زۆری پێکانەکان، بارسێلۆنا لەسەر رێچکەیەکی دروست هەنگاو دەنێت، جیا لە دۆڕانەکەی بەرامبەر چێڵسی لە چامپیۆنزلیگ 0-3، هەموو شتێک باشبوو.

یارییەکەی ستامفۆرد بریج زۆر لایەنی نەرێنی بارسای پیشاندا و ئەوە روونبووەوە، بارسێلۆنا ئێستا لە باشترینەکانی ئەوروپا نییە و پێویستە بە پێداچوونەوەیە.

بارسێلۆنا لە یارییەکەی ئالاڤێس خراپ دەرکەوت، هەرچەندە یارییەکەی بردەوەش، بەڵام دوای چەند چرکەیەک لە دەستپێکی یارییەکە، ئالاڤێس گۆڵی یەکەمی کرد.

خوان گارسیا، گۆڵپارێزی بارسا ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد، ئەگەرنا ئەنجامەکە بەمشێوەیە تەواو نەدەبوو.

دیارترین کێشەکانی بارسا چین؟

  • هێڵی بەرگری بارسێلۆنا ناجێگیرە و چەندینجار لەلایەن یاریزانانی ئالاڤێس بڕدرا.
  • هێڵی ناوەڕاستی بارسا نەیتوانی کۆنتڕۆڵی یارییەکە بکات و شێوازی خۆی بسەپێنێت.
  • ئامادەنەبوونی فرێنکی دی یۆنگ و ناچاربوون بە بەشداریپێکردنی ماڕک بێرناڵ و ماڕک کاسادۆ، ناهاوسەنگی لە تیمەکە دروستکرد و ئەمە یەکەمجاربوو دوای ساڵێک، ئەم دوو یاریزانە پێکەوە یاریی بکەن.
  • سستی لە هێڵی هێرشبردن سەریهەڵداوەتەوە، یامال چەندین دەرفەتی گۆڵی لەدەستدا و فێران تۆرێسیش، هەستی گۆڵکردنی لەدەستداوە و لە یارییەکەی چێڵسی، دەرفەتێکی راستەقینەی گۆڵی فەوتاند.

تاکە رووناکی ئەرێنی بەلای بارسێلۆناوە ئەوەیە، ریال مەدرید بە قەیرانێکی گەورەتر لە قەیرانی خۆی تێدەپەڕێت.

چیرۆکی ئاراوخۆ چییە؟

رۆناڵد ئاراوخۆ، بەرگریکاری ئوروگوایی بەشداری یارییەکەی ئالاڤێسی نەکرد، دوای تووشبوونی بە هەوکردنی ڤایرۆسی گەدە و دابڕانی لە ئامادەکارییەکانی یارییەکە.

پێکانی ئاراوخۆ لە ساتێکی خراپدا بوو، بە تایبەت لە یارییەکەی بەرامبەر چێڵسی بە کارتی سوور دەرکرابوو.

ئاراوخۆ لە وەرزی رابردووش لە یاریی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە بەرامبەر پاریس سانجێرمان بە کارتی سوور دەرکرا.

وێنەی ئاراوخۆ لە چاوی هاندەران خەریکە دەشێوێت، چونکە نەیتوانیوە خۆی بسەلمێنێت و ئێستا باس لە بژاردەی فرۆشتنی دەکرێت.

گرێبەستی ئاراوخۆ لە یەنایەر/کانوونی یەکەمی رابردوو تاوەکو ساڵی 2031 نوێکرایەوە، بەڵام ئێستا نرخەکەی بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر دابەزیوە.


چی لە یارییەکەی ئالاڤێس فێربووین؟

رافینیا، ئەستێرەی بەڕازیلی جیاوازی گەورە بۆ بارسێلۆنا دروستدەکات.

یەکێکە لە دیارترین و جەنگاوەرترین یاریزانانی بارسا و کەتیبەکەی فلیک پێویستی بە یاریزانێکی لەمشێوەیە هەیە.

رافینیا لەڕووی هێرشبردنەوە یارمەتییەکی زۆری بارسایدا، دوو گۆڵی دروستکرد و وزەیەکی ئەرێنی زۆری بە یانەکەی کاتالوونیادا.

جێرارد مارتن، یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی خەریکە خۆی تەواو لەژێر دەستی فلیک دەدۆزێتەوە.

یاریزانە لاوەکە ئاستێکی بەرزی لە باڵی چەپی بەرگری پێشکەشکرد و فلیک لەدوای یارییەکە گوتی؛

بوونی یاریزانێکی چەپلەر لە پێکهاتەکەدا زۆر یارمەتیمان دەدات. مارتن پیشەگەرە و زۆر بە خێرایی گەشەدەکات.

گەڕانەوەی پێدری هیوایەکی زۆری لەلای هاندەران دروستکردووە. ئەستێرە ئیسپانییەکە بەشداری لە دوا 30 خوولەکی یارییەکەدا کرد.

پێدری بە یەکێک لە گرنگترین یاریزانانی ئێستای بارسێلۆنا دادەندرێت و لەگەڵ لامین یامال، ئەرکی سەرکردایەتی تیمەکەیان لە ئەستۆیە.

بابەتی زیاتر

Back to top button