
یاریگا –
دوای یەکسانبوونەكهیان بەرامبەر جیرۆنا لە گهڕی 14ـی خولی ئیسپانیا، کەناڵی فەرمی یانەی ریاڵ مەدرید هێرشێکی بێ وێنە و ئاگرینی کردە سەر ریکاردۆ دی بۆرگۆسی ناوبژیوانی یارییەکە و بە ئەو ناوبژیوانەی زۆرترین زیانی بە ڕیاڵ مەدرید گەیاندووە وەسفی کرد.
راستەوخۆ دوای کۆتایی یارییەکە، شرۆڤەکارانی کەناڵی فەرمی یانەکە بە توڕەییەوە باسیان لە بڕیارەکانی ناوبژیوان کرد. دیارترین دەستەواژەیەک کە بەکارهێنرا ئەوە بوو، لالیگا لەلایەن کوڕانی نێگرێراوە یاری پێ دەکرێت و دەستکاری دەکرێت.
کەناڵەکە رایگەیاند،
“ئەوەی ڕوودەدات ئابڕوچوونە، رەنگە ناوبژیوان لە ناو یاریگا نەیبینێت، بەڵام هیچ پاساوێک نییە کە ژووری ڤار بانگی نەکات بۆ سەیرکردنەوەی دیمەنەکان، هەر بەرکەوتنێک لەناو ناوچەی سزا، لێدانی سزایە.”
یەکسانبوونەکەی مۆنتیلیڤی تەنیا خاڵ لەدەستدان نەبوو، بەڵکو درێژەپێدەری زنجیرە ئەنجامە خراپەکانی مانگی نۆڤەمبەری یانهكه بوو كه ئەمە سێیەم یەکسانبوونی لەسەریەکەی بوو لە خول و چوارەم یارییە لە کۆی پێنج یاری کۆتایی کە نایبەنەوە بە دۆڕانە بهرامبهر لیڤەرپوڵیشەوە.
ریاڵ مەدرید بە فەرمی پێشەنگی رادەستی بارسێلۆنا کرد، ئێستا تیپه كاتالۆنیهكه به 34 خاڵ له پێشهنگه و ریاڵ مەدرید 33 خاڵی ههیه و له پلهی دووهمه و ئێستا مەترسی لەدەستدانی پلەی دووەمیشی لەسەرە لەلایەن ڤیاڕیاڵ و ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە.
سێ دیمەنە مشتومری زۆری دروستكرد
بەپێی راپۆرتەکە، سێ دیمەنی سەرەکی هەن کە بوونەتە هۆی توڕەیی مەدریدییەکان:
1. گۆڵەکەی ئێمباپێ: لە خولەکی 40 ئێمباپێ گۆڵێکی تۆمار کرد، بەڵام ڤار بە بیانووی دەست لێدان رەتیکردەوە.
2. فاوڵەکەی پێش گۆڵی جیرۆنا: پێش ئەوەی جیرۆنا گۆڵی یەکەم تۆمار بکات، ئێمباپێ ناڕەزایەتی دەربڕی کە ئەلێکس مۆرینۆ بە ئەژنۆ لە قاچی داوە و پاڵی پێوەناوە. کەناڵی ریاڵ مەدرید دەڵێت،
“ئەو فاوڵە لەسەر هێڵی سزا بوو، واتە دەبوو لێدانی سزا بۆ ریاڵ مەدرید هەژمار بکرایە نەک گۆڵ بۆ جیرۆنا.”
3. لێدانی سزاکەی رۆدریگۆ : لە خولەکی 79 رۆدریگۆ لە ناوچەی سزا لەلایەن بەرگریکار جۆێل رۆکا خرایە زەوی، ناوبژیوان و ڤار بێدەنگ بوون و کۆرنەریان هەژمار کرد. ئەمە ئەو دیمەنەیە کە زۆرترین توڕەیی لێکەوتەوە و بە دزی لهلایهن كهناڵهكه وەسف دەکرێت.



