دۆخەکە لە لێواری تەقینەوەدایە؛ لە ریال مەدرید چی باسە و پێرێز بە نیازی چییە؟
راپۆرتێکی تێروتەسەل لەسەر دۆخی ئێستا و پلانەکانی داهاتووی لۆس بلانکۆس

یاریگا و ئاتلێتیک –
تۆڕی ئاتلێتیک لە راپۆرتی هەفتانەی خۆیدا لەبارەی دۆخی ریال مەدرید، کۆمەڵێک نهێنی و زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات. تۆڕی وەرزشی یاریگا بە راپۆرتێکی تێروتەسەل و بە هاوکاری تۆڕی ئاتلێتیک، دوایین پەرەسەندنەکانی دۆخی ناوخۆیی ریال مەدرید دەخاتەڕوو.
لە ریال مەدرید چ باسە؟
باسی سەرەکی ئێستای ریال مەدرید، دابەزینی ئاستی گشتی یانەکەیە و هەمووان پێیوە سەرقاڵن.
ریال مەدرید یارییەکی قورسی لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئۆڵمپیاکۆس 3-4 بردەوە، بەڵام جارێکی دیکە لە لالیگا یەکسانبووەو و بۆ سێیەم یارییە لەسەریەک، ناتوانێت لە لالیگا سەربکەوێت و ئەمجارە 1-1 بە جیڕۆنا یەکسانبوو.
پیاوانی چابی ئاڵۆنسۆ سێ یارییە لە رایۆ ڤاییکانۆ، ئێڵچێ و جیڕۆنا نابەنەوە، ئەمەش بووە هۆی لەدەستدانی پێشەنگی لالیگا لە بەرژەوەندی بارسێلۆنا.
دوا بردنەوەی ریال مەدرید لە لالیگا بۆ سەرەتای نۆڤێمبەر/تشرینی یەکەم دەگەڕێتەوە، کاتێک 4-0 لە ڤالێنسیای بردەوە.
ئاڵۆنسۆ دوای یارییەکە بە کورتی هەموو شتێکی بڕاندەوە و گوتی؛
وەرزەکە دوور و درێژە، پێویستە یەکڕیزی بپارێزین و رەخنە لەخۆمان بگرین.
کیلیان ئێمباپێ پشکی شێری سەرکەوتنەکانی ریال مەدریدی بەرکەوتووە، لە کۆی 41 گۆڵی ئەم وەرزە، سوپەر کیلیان 23 گۆڵی کردووە.
دۆخی ژووری جلگۆڕین چۆنە؟
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست تۆڕی ئاتلێتیک کەوتووە، دابەشبوونێکی قووڵ لە ژووری جلگۆڕین دروستبووە، بە شێوەیەک بەشێک لە یاریزانان مشتومڕیانە لەسەر شێواز و بیرکردنەوەی ئاڵۆنسۆ و چۆنیەتی جێبەجێکردنی لە یارییەکاندا.
بەشێک لە یاریزانانی ریال مەدرید بڕوایان بە شێوازی تەکتیکی ئاڵۆنسۆ نییە و ئەمەش وێنە گشتییەکەی ژووری جلگۆڕین ئاڵۆز کردووە. ژمارەیەک یاریزان پێیانوایە شێوازی ئاڵۆنسۆ قورس و ناڕوونە.
بەشێکی دیکەی یاریزانان دووپاتیدەکەنەوە، خەتای ئەنجامە نەرێنییەکان تەنیا لە ئەستۆی ئاڵۆنسۆ نییە، بەڵکو ئاستی گشتی یانەکە جراپە و هەماهەنگی لە نێوان هەرسێ هێرشبەری یانەکە کیلیان ئێمباپێ، جود بێڵینگهام و ڤینیسیۆس جونیۆردا نییە.
ئەوەی هەمووان لەسەری کۆکن و کەس ناتوانێت نکۆڵی لێبکات ئەوەیە؛ یاریزانان ناتوانن بیرۆکەکانی ئاڵۆنسۆ لەنێو یارییەکاندا جێبەجێ بکەن.
هەرچەندە دوای یارییەکەی ئۆڵمپیاکۆس، ئەستێرەکانی وەکو ئێدواردۆ کاماڤینگا و فێدێریکۆ ڤالڤێردی و ئێمباپێ رەتیانکردەوە هیچ گرژییەک لە نێو یانەکەدا هەبێت، بەڵام لەدوای یارییەکەی شەوی رابردوو بەرامبەر جیڕۆنا، هیچ یاریزانێکی مەدرید لێدوانی رۆژنامەوانی نەدا، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ بوونی ناکۆکی و گرژی لە ژووری جلگۆڕین لێکدەدرێتەوە.
یەکێک لە یاریزانانی ریال مەدرید بە ئاتلێتیکی راگەیاندووە؛
ئەنجامەکان پەیوەندییان بە راهێنەرەوە نییە، شتەکە زۆر روونە.
هەڵوێستی ریال مەدرید لەسەر ئاڵۆنسۆ چییە؟
چەند سەرچاوەیەکی نێو یانەکە دووپاتیانکردووەتەوە، دۆخی یانەکە زۆر ئاڵۆزە و هەمووان لەسەر ئەوە کۆکن، ریال مەدرید ئاستێکی خراپ پێشکەش دەکات.
بەرپرسێکی باڵای یانەکە، ئاستی ریال مەدرید لە یاریی شەوی رابردوو بەرامبەر جیڕۆنا بە ‘کارەساتبار’ وەسفدەکات.
ریال مەدرید چاوەڕێی ئەنجامی یاریی داهاتووی ریال مەدرید بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباوە لە یاریگای سان مامێس، لەوانەیە جەنگی سان مامێس یاریی یەکلاییکەرەوەی ئاڵۆنسۆ بێت، لە ئەگەری دۆڕانی یارییەکە یاخود یەکسانبوونی، لەوانەیە پڕۆژەکەی ئاڵۆنسۆ بەتەواوی لەباربچێت.
پەیامەکانی ئاڵۆنسۆ بە تەواوی ناگەنە یاریزانانن، یاخود وەکو بەرپرسێکی یانەکە دەڵێت؛ پەیامەکان بەشێوەیەکی دروست ناگاتە یاریزانان؛
کێشەکانی ئێستای ریال مەدرید زۆر لە ئاڵۆنسۆ قووڵترن، کێشەکە چابی نییە، بەڵکو ئێمباپێ، بێڵینگهام و ڤینیسیۆس هیچ هەماهەنگییان نییە.
بەڕاستی ناکرێت تیمێکی هاوسەنگ بەبوونی سێ یاریزانی لەمشێوەیە دروست بکەیت.

پێویستە ئاگاداری ئەم خاڵانە بین
لە یارییەکەی دوێنێ شەو بەرامبەر جیڕۆنا، گەڕانەوەی رۆدریگۆ بۆ پێکهاتەی سەرەکی ریال مەدرید زۆر لەناکاو بوو، هەرچەندە ریال مەدرید پلانێکی بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر یاریزانەکە داڕێشتبوو، بەڵام ئاڵۆنسۆ لەپڕ کردییەوە یاریزانێکی سەرەکی.
هەر لە یارییەکەی جیڕۆنا، یەکەمجاربوو ئالڤارۆ کارێراس یەدەک بێت و ئاڵۆنسۆ بە تەواوی پشت بە فران گارسیا بەست.
رۆدریگۆ یەک ساڵە هیچ گۆڵێکی لە لالیگا نەکردووە، ئێستا هاوشانی ماریانۆ دیاز، خاوەن خراپترین ریکۆردی بەشداری یارییەکانە بەبێ گۆڵ، بەشێوەیەک 30 یارییە گۆڵی بۆ ریال مەدرید نەکردووە.
ئەوەی جێی سەرنجبوو، بەر لە دەستپێکی گێمی دووەمی یارییەکەی جیڕۆنا، یاریزانان ئەڵقەیەکییان دروستکرد، وەکو هەوڵێک بۆ خرۆشانی یاریزانان و زیادکردنی مەعنەویاتییان، بەڵام پێدەچێت بابەتەکە لە خرۆشانی یاریزانان گەورەترە.
چاوەڕێی چی بکەین؟
چوارشەممە ریال مەدرید لە سان مامێس رووبەڕووی ئاتلێتیک بیلباو دەبێتەوە.
سان مامێس یەکێکە لە قورسترین یاریگاکانی ئیسپانیا و ئەرکی ریال مەدرید هەرگیز ئاسان نییە. مەدرید لە تواناکانی ئەستێرەی وەکو دانی کارڤاخال بێبەشە و بە ئەگەرێکی زۆر، هەریەکە لە دەیڤد ئالابا، راوول ئاسێنسیۆ و دین هاوسنیش بۆ یارییەکە ئامادە نابن.
یاریزانە پێکراوەکان خەریکن رکابەری لەگەڵ کات دەکەن، تاوەکو یارمەتی یانەکەیان بدەن و ئاڵۆنسۆ لە دەرگای ماڵئاواییکردنی مەدرید دووربخەنەوە.



