Loading...
ئینگلتەراگرنگترین

کارتە سوورەکە هەرای ناوەتەوە؛ پاکێتا بەهۆی گرەوکردن خۆی بە دەرکردن داوە؟

جارێکی دیکە سیناریۆی گرەوکردن یەخەی ئەستێرە بەڕازیلییەکە دەگرێتەوە

Yariga App

یاریگا –

جارێکی دیکە کەیسی لوکاس پاکێتا و گرەوکردن گەڕاوەتەوە نێو باس و خواسەکان، ئەمەش دوای دەرکرانی ئەستێرە بەڕازیلییەکە بە کارتی سوور لە یاریی دوێنێی وێستهام یونایتد بەرامبەر لیڤەرپوول کە 0-2 دۆڕان.

کاردانەوەی پاکێتا بەرامبەر دارێن ئینگلاند، ناوبژیوانی یارییەکە چاوەڕوانکراو نەبوو، دوای وەرگرتنی کارتێکی زەرد شەش خوولەک بەر لە تەواوبوونی یارییەکە.

پاکێتا بە هەموو شێوەیەک هەوڵی دنەدانی ناوبژیوانی یارییەکەیدا و دەستبەجێ کارتی زەردی دووەمی وەرگرت و لە یارییەکە دەرکرا، ئەم رووداوە لە ماوەی چەند چرکەیەک روویدا و وێستهام یارییەکەی بە 10 یاریزان تەواوکرد.

پێشتر یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلتەرا تۆمەتی مەترسیداری ئاڕاستەی پاکێتا لەبارەی یارییکردن بە ئەنجامی یارییەکان لە وەرزی رابردوودا کردبوو. بۆیە رووداوەکەی دوێنێ جارێکی دیکە سیناریۆکانی بەبیر هاندەران هێنایەوە.

چی روویداوە؟

چیرۆکەکە ئەوکاتە دەستیپێکرد، کاتێک بەرپرسانی دەستەی دەستپاکی ‘نەزاهە’ی یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلتەرا هەستییان بە کاردانەوە و هەڵسوکەوتی پاکێتا لە هەندێک یاریی وێستهامدا کرد و ئەمەش بووە هۆی وەرگرتنی ژمارەیەک کارتی زەرد.

بەڵام یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلتەرا نەیتوانی هیچ بەڵگەیەکی یەکلاییکەرەوە پێشکەش بکات، ئەمەش بووە هۆی بێ تاوان دەرچوونی پاکێتا لەو لێکۆڵینەوانەی بۆ ماوەی دوو ساڵ بەردەوام بوون.

هەڵسوکەوتی پاکێتا لە یارییەکەی لیڤەرپوول، جارێکی دیکە دەرگای بەڕووی گومانەکان کردەوە.

وەڵامی پاکێتا چییە؟

کاردانەوەی پاکێتا دوانەکەوت، ئەستێرەکە زۆر بە تۆمەتەکان نیگەرانبوو و لە وەڵامی پۆستێکی تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتس لە پلاتفۆڕمی نووسیویەتی؛

دوو ساڵ بەر لە ئێستا و لە دەستپێکی لێکۆڵینەوەکان، ستەمێکی بەردەوام لە من و پیشەکەم دەکرێت.

شتێکی زۆر بێمانایە بۆ ماوەی دوو ساڵ ژیان و کاروانی پیشەگەریت بکەوێتە ژێر کاریگەری و یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلتەرا هیچ پاڵپشتییەکی دەروونیت نەکات.

لەوانەیە رەفتارەکەم مایەی بێمانایی بێت، بەڵام ئەمە کاردانەوەیەک بوو و نەمتوانی بەرگە بگرم کە پێدەچێت، پێویستە بەرگەی بگرم.

داوای لێبووردن دەکەم، چونکە نەمتوانی بەشێوەیەکی نموونەیی دەربکەوم.

ئەستێرەکەی بەڕازیل دووپاتی لە بێ تاوانی خۆی کردەوە و ئاشکرایدەکات، کارتە زەردەکە بەشێک بووە لە رەفتارێکی ئاسایی و هیچ نیازێکی خراپی لە دواوە نەبووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button