
لوچیانۆ سپالێتی بە خراپترین راهێنەر ناودەبرێت لەلایەن میراندای بەرگریکاری پێشووی ئینتەرمیلانەوە.
میراندای بەرگریکاری بە ئەزموونی بەڕازیل لە نێوان 2015 بۆ 2019 یاری بۆ ئینتەرمیلان کردووە. ناوبراو بەر لەوەش بۆ چوار وەرز درێسی ئەتڵەتیکۆ مەدرید ی پۆشیووە. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گازیتا دیلۆ سپۆرت باسی چەند بابەتێکی جیاوازی کرد
سەبارەت بە یاریکردن لەپاڵ گۆدین سەردەمی ئەتڵەتیکۆ
لەو سەردەمەدا ناوازە بوو وە کەس لە ئێمە باشتر نەبوو، تەنانەت ڤاران و رامۆس یش لە ئێمە باشتر نەبوون ، وە نە سییانەکەی یوڤێنتۆس. رەنگە لەسەر ئاستی تاکە کەس لە ئێمە باشتر هەبوبێت بەڵام باشترین دووانە بووین.
سەبارەت بە یاریکردن لە ئینتەر
من لە ئینتەر لە پێکهاتەی سەرەکیدابووم بەڵام دواتر سپالێتی هات و ترسی بڵاوکردەوە. ئەو وەکو راهێنەر کەسێکی سەرکەوتوبوو وە توانی ئینتەر بگەڕێنێتەوە بۆ خولی پاڵەوانەکان وبناغەیەکی پتەو بۆ داهاتوویان دابنێت بەڵام وەکو خۆی با هەر وازی لێبێنین، خراپترین راهێنەرم بوو لە ئیتاڵیا. ئەو تەنها گرنگی بە بۆچوونی خۆی دەدات و گوێ لە بۆچوونی جیاواز ناگرێت. تەنها لەبەر ئەوەی یەکجار دەمەقاڵێم بوو لەگەڵی ئیتر کەمتر یاری پێدەکردم، ئەمەش وایکرد ئاستم داببەزێت.
میراندا لە 2019دا ئینتەری بەرەو خولی چینی جێهێشت بەڵام تەنها یەک ساڵ لەو وڵاتە مایەوە و گەڕایەوە وڵاتەکەی، پاشان لە 2022دا وازهێنانی لە یاریکردن راگەیاند.
هەرچی سپالێ تییە، لە هەمان ساڵدا ئینتەری جێهێشت و دواتر ئەرکی ناپۆلی ، هەڵبژاردەی ئیتاڵیای وەرگرت و ئێستاش راهێنەری یوڤێنتۆسە.



