داهاتی ساڵانەی لامین یامال چەندە و لە چ رێگەیەکەوە بەدەستی دەهێنێت؟
داهاتە زەبەڵاحەکەی یامال لە ژێر کاریگەری بریکاری بەناوبانگ...

یاریگا –
لامین یامال ، لە تەمەنی 18 ساڵیدا، داهاتێکی زۆر و گرێبەستی گەورەی واژۆ کردووە کە لە زۆرێک لە ئەستێرەکانی تۆپی پێ زیاترە.
لامین یامال بەهرەمەندە تەمەن 18 ساڵەکەی بارسێلۆنا، هەمووکات جێگەی سەرنجی میدیاکان بووە و شارەزایە لە هێشتنەوەی ناوی خۆی لە سەردێری رۆژنامەکاندا. پلەی دووەمی باڵۆن دۆری 2025، بردنەوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی لاو بۆ دووجار لەسەر یەک، لێدوانێکی مشتومڕاوی پێش ئیل کلاسیکۆ کە یاریزانانی ریال مەدریدی توڕە کرد، هەروەها کشانەوەی لە کەمپی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەهۆی پێکانەوە، تەنیا هەندێک لەو بابەتانەن کە لە ماوەی رابردوو بەردەوام باسی کراوە. بەڵام زۆربەی باسەکانی یامال پەیوەندی بە ژیانی دەرەوەی یاریگا هەیە: ئاهەنگی لە دایک بوونی، گۆڕینی بەردەوامی شێوازی قژی، پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ گۆرانیبێژێکی ئەرجەنتینی و کڕینی ماڵەکەی پێشووی پیکێ و شاکیرا.
هەندێک جار لە هەواڵەکاندا راپۆرتەکانی سەبارەت بە گرێبەستە بازرگانییەکانی ون دەبن، کە دەریدەخەن ئەم هەموو سەرنجەی میدیاکان بە یامال لە راستیدا یارمەتیدەرە بۆ زیادکردنی سپۆنسەرەکانی و بەهێزکردنی براندی تایبەتی خۆی. لەپشت ئەم دیاردەیەوە تیپێکی گەورە هەیە بە سەرۆکایەتی خۆرخی مێندێز کە بریکارێکی بەناوبانگە و بە تەواوی دەزانێت چۆن یاریزانێک بباتە بەرزترین ئاستی ناوبانگ و داهات.

گرێبەست لەگەڵ ئەدیداس دوای پەیوەندی تەلەفۆنی مێسی:
وەرزی 2024-2025 یامال وەرزێکی سەرنجڕاکێشی هەبوو. بە تۆمارکردنی 18 گۆڵ و 25 ئەسیست لە 55 یاریدا، وای لە ئیدارەی بارسێلۆنا کرد کە ژمارە 10ی ئەفسانەیی پێبدات، ئەمەش رووداوێکی زۆر گرنگ بوو. چەند مانگێک پێش یارییەکانی یۆرۆی 2024 پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان یامال و مێسیدا هەبوو: لە سەرەتای ساڵی 2024، کاتێک یامال دوودڵ بوو لە نوێکردنەوەی گرێبەستی سپۆنسەری نێوان ئەدیداس و نایکی، لیۆ مێسی کە گرێبەستێکی هەمیشەیی لەگەڵ ئەدیداس هەیە، پەیوەندی پێوەکرد و لامینی رازیکرد کە ئەدیداس هەڵبژێرێت.
شایەنی باسە ساڵی رابردوو ئەدیداس، تەواوی کەنار دەریایەکی لە شاری گاڤا (کە 20 کم لە بارسێلۆناوە دوورە) بۆ وێنەگرتنی یامال بە کرێ گرت، هەروەها سەدان کارمەندی ئەدیداس لە چەند وڵاتەوە بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەکەدا گەشتیان کردبوو.
یامال پڕداهاتترین یاریزانی بارسێلۆنا:
بەگوێڕەی یاساکانی ئیسپانیا زۆرترین مووچەی ساڵانەی بارسا پێش ئەوەی تەمەنی ببێتە 18 ساڵ توانی بیداتە یامال، یەک ملیۆن و 600 هەزار یۆرۆ بوو. ئەم هاوینە یادی 18 ساڵەی لەدایکبوونی کردەوە و دوای چەند هەفتەیەک گرێبەستەکەی تا ساڵی 2031 نوێکردەوە، بە مەرجێکی زۆر باشتر. لە سەرەتادا پێشبینی دەکرا بارسا ساڵانە نزیکەی 30 ملیۆن یۆرۆی پێبدات، بەڵام قەیرانی دارایی یانەکە کە قەرزەکانی نزیکەی یەک ملیار یۆرۆ بوو، رێگری لەم کارە کرد.
دواجار بارسا مووچەی بنەڕەتی ساڵانەی لامینی بە 16.67 ملیۆن یۆرۆ دانا. لەم رووەوە لە دوای رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی (20.83 ملیۆن) و فرێنکی دی یۆنگ (19 ملیۆن) دایە. بەڵام لاپۆرتا، بۆ قەرەبووکردنەوەی، بەرزترین پاداشتی لە مێژووی یانەکەدا پەسەند کرد، کە 10 ملیۆن و 42 هەزار یۆرۆیە. بە پاداشتەکانیشەوە، یامال دەبێتە خاوەن بەرزترین مووچەی تیپەکە. هەروەها بڕگەی ئازادکردنی بە یەک ملیار یۆرۆ دیاری کراوە.
ئایندەی یامال چ گەشاوە بێت یان نا، لەو تەمەنە ئەوەندە سامانی کۆکردۆتەوە کە بتوانێت لە خانەنشینیدا بە ئاسوودەیی بژی، ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو بەهۆی ئاژانسی ریکلامی ئاندەردۆگز “Underdogs” کە بەرپرسیارە لە پەرەپێدان و بەڕێوەبردنی براندی یامال.

یامال، روخساری میدیایی یارییە ڤیدیۆییەکان و باڵیۆزی ڤیزە بۆ مۆندیالی 2026
ئەندەردۆگز بەرپرسی تەواوی ریکلامە بازرگانییەکانی یامالە. بۆ نموونە، ئاژانسەکە لەم دواییانەدا رێگری لە هێرشبەرە لاوەکە کرد واژۆکردن بۆ هاندەرانی بکات، بە مەبەستی زیادکردنی بەهای واژۆکانی لە بازاڕدا. بڕیارەکە بەهۆی ئۆفەرێکی ماڵپەڕێکی کاڵا وەرزشیەکانەوە بووە. بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ گرێبەستەکە کۆتایی پێبێت.
لە سەرەتای ساڵی 2025 یامال رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای ئەلیکترۆنی چینی ئۆپۆ، سپۆنسەری چامپیۆنزلیگ و چەندین پاڵەوانێتی گەورەی تێنسی وەک رۆلاند گارۆس و ویمبڵدۆن واژۆکرد. هەروەها یامال بووە باڵیۆزی جیهانی ڤیزا بۆ مۆندیالی 2026. گرێبەستەکە ئەزموونی تایبەت بۆ هەوادارانی و دیدار لەگەڵ یامال و بڵاوکردنەوەی دیاری تایبەت لەخۆدەگرێت کە وێنەی ئەوی تێدایە. زۆرێک لە دەزگاکانی راگەیاندن بەهای گرێبەستەکەیان بە 200 ملیۆن یۆرۆ داناوە، بەڵام ڤیزە ئەم ژمارەیەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
جیا لەمانە یامال وەک باڵیۆزی زنجیرە یارییە ڤیدیۆییەکانی “E-Football” (بەرهەمهێنانی کۆمپانیای کۆنامی) ناسێندرا. هەروەها لەم هاوینەدا براندی ئەمریکی بیتس بای دکتۆر درێ (Beats by Dr. Dre) وەک باڵیۆزی براندینگ بۆ هێدسێتەکانی هەڵبژارد.
لە مانگی ئەیلولدا بووە رووخساری نوێی خواردنەوەی کاکاو بەناوبانگی نێسکیک. هەروەها یامال گرێبەستێکی لەگەڵ خواردنەوەیەکی وەرزشی وزەبەخش واژۆ کردووە ودوو کورتە فیلمیش لەسەر پرۆسەی مەشقەکانی و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی فشاری دەروونی بڵاوکراوەتەوە. بەگوێڕەی هەواڵێکی فۆربێس، داهاتی یامال لە دەرەوەی یاریگا لە گرێبەستە بازرگانییەکان تا کۆتایی ساڵی 2025 دەگاتە 11.5 ملیۆن یۆرۆ.



