
یاریگا –
شوڕتە لە ئەرکێکی قورسدا دەبێتە میوانی هیلالی سعودی و رێوان ئەمینیش دەڵێت بۆ پێگە و شکۆی شوڕتە یاریی دەکەین.
لە گەڕی پێنجەمی خولی بژاردەی پاڵەوانانی ئاسیا، شوڕتە کاتژمێر 9:15ـی شەو لە یاریگای کینگدام ئەرینا رووبەڕووی هیلالی سعودی دەبێتەوە، شوڕتە بە هۆی پێکانەوە لەم یارییەدا لە توانای بەسام شاکری ئەستێرەی تیپەکە بێبەش دەبێت.
رێوان ئەمین، ئەستێرەی کوردی یانەی شوڕتە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی باسی یارییەکەی کرد و گووتی:
ئێمە لە قورسی یارییەکە تێدەگەین، بەڵام دەمانەوێت بەرامبەر هیلال بۆ پێگە و شکۆی شوڕته یاریی بکەین، یاریزانەکان ئامادەین و بە هیوام بتوانین ئەنجامێکی شایستە بەدەست بهێنین.
موئمین سلێمان، راهێنەری میسری شوڕتە، پێش یارییەکە باسی لە ئامادەکاری و بارودۆخی تیپەکەی کرد و گووتی:
تیپەکەم باش ئامادەکردووە بۆ ئەم یارییە، دەمەوێت یاریزانەکان بەشێوەیەکی باش دەرکەون، ئێمە رووبەڕووی یەکێک لە گەورەترین و بەهێزترین یانەی ئاسیا دەبینەوە، بەڵام دەمانەوێت مێژوویەک تۆمار بکەین، هەر 90 خولەکی یارییەکە تێدەکۆشین، دڵخۆشم بە ئاستی یاریزانەکانم.
لە کۆمەڵەی رۆژئاوا شوڕتە چوار یاریی کردووە، یەکسان بوونێک و سێ شکستی هەیە و بە خاڵێک لە ریزبەندی 11ـەی کۆمەڵەکەی دێت، هیلالی سعودی لە هەر چوار یارییدا براوە بووە و بە 12 خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە.




