لە ژمێریارییەوە بۆ گۆڵکاری سێریا ئەی و یاریی کردن بۆ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا
چیرۆکی سەرنجڕاکێشی نادین

یاریگا –
نادین نیشلەر، یاریزانی یانەی کۆمۆی ئیتاڵی، لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا رێگایەکی بڕیوە کە کەسانی دیکە بە چەندین ساڵ ناتوانن بیبڕن.
نادین نیشلەر، ئەو هێرشبەرەی ئێستا گۆڵکاری خولی سێریا ئەی خانمانە، تا ساڵ و نیوێک لەمەوبەر ژیانێکی تەواو جیاوازی هەبوو. هەفتانە 40 کاتژمێر لە ئۆفیسێکی ژمێریاری لە شاری ئاڵتۆ ئادیج کاری دەکرد؛ کاتژمێر 5ی ئێوارە ئۆفیسەکەی جێدەهێشت و راستەوخۆ دەچووە مەشق و راهێنان.
تۆپی پێ بۆ ئەو کارێک نەبوو، خولیایەک بوو؛ وەرزشێک بۆ ئەوەی دڵی پێخۆش بکات، نەک وەکوو سەرچاوەیەکی داهات بیبینێت. لەو کاتەدا لە سێریا سی یاری دەکرد، کە کەس بە خەیاڵیدا نەدەهات کە ئەم یاریزانە تەمەن 25 ساڵە رۆژێک تۆپی پێی ئیتاڵیا تووشی سەرسوڕمان بکات.
هەموو شتێک بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی گۆڕا. لە ناوەڕاستی کاتی کارکردنی لە ئۆفیسدا تەلەفۆنەکەی نادین زەنگ لێدەدات و لێی دەپرسن:
دەتەوێت بێیتە کۆمۆ و لە سێریا ئەی یاری بکەیت؟
وەڵامی نیشلەر روون بوو: “بەڵێ”. هۆکاری ئەم تەلەفۆنە چیبوو؟ ئامارە باوەڕپێنەکراوەکانی لە مێرانۆ: 40 گۆڵ لە وەرزێکدا. کۆمۆ تێستی لە نادین وەرگرت و تا ساڵی 2026 گرێبەستی لەگەڵدا واژۆکرد، یاریزانە لاوەکەش لە وەرزی یەکەمی خۆی لە سێریا ئەی 11 گۆڵی تۆمارکرد، نەک وەک هێرشبەری سەرەڕم بەڵکو وەک یاریزانێکی ناوەڕاستکاری هێرشبەر. نادین ئەمساڵ پێشکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناوە: پێنج گۆڵ لە شەش یاریدا و لێدانی سزای گرنگ لە خولەکی 91 بەرامبەر میلان.

نادین هەر زوو پاداشتی ئەم پێشکەوتنانەی وەرگرت و بانگهێشتی هەڵبژاردەی خانمانی ئیتاڵیا کرا. مانگی رابردوو یەکەم یاری خۆی بەرامبەر ژاپۆن کرد.
کۆمۆ تەنیا سێ خاڵ لەدوای رۆمای پێشەنگەوەیە و ئەمڕۆ جارێکی دیکە، بۆ دوو یاری دۆستانە لە ئەمریکا، بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا کراوەتەوە.



