
یاریگا –
راهێنەری قوەجەوییە رەخنەی تووند ئاراستەی بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێڕاق دەکات و دەڵێت ئەوەی لە عێڕاق دەبینم لە ژیانی راهێنەراتیم نەمبینیوە.
دوای کۆتایی هاتنی یاریی نێوان نەجەف و قوەجەوییە لە گەڕی حەفتەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، رەشید جابر، راهێنەری عومانی یانەی قوەجەوییە وێڕای سەرکەوتنی لە یارییەکە بە ئەنجامی 2 _ 0 بەڵام رەخنەی تووند ئاراستەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێڕاق دەکات.
رەشید جابر، دەربارەی چەند جارێک دواخستنی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق لەم وەرزەدا رایگەیاند:
وەستانی خولی ئەستلرەکانی عێڕاق ماندووی کردین، لە ژیانی راهێنەرایەتم ئەو جۆرە وەستانەم نەبینیوە ئەوەی کە لە خولی عێڕاقدا دەیبینم، پێویستە پێش وەختە خشتەی یارییەکانمان بزانین بۆ ئەوەی باشتر خۆمان ئامادە بکەین، ئێستا نازانین کەی گەڕی هەشتەمی خولەکە دەکرێت؟ کەی یارییەکانی جامی عێڕاق دەکرێت؟ ئەمە بۆ راهێنەر زۆر قورسە پێویستە پێداچوونەوە بکرێت.
لە کۆی حەفت یاریی لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، رەشید جابر، کە سەرەتای ئەم وەرزە ئەرکی راهێنەرایەتی جەوییەی وەرگرتووە 16 خاڵی بۆ یانەکە کۆکردۆتەوە، بە جیاوازی سێ خاڵ لەگەڵ هەولێری پێشەنگ لە ریزبەندی دووەمی خولەکە دێت.



