
یاریگا –
گۆڕەپانی تۆپی پێی عێراق رۆژێکی دیکەی پڕ لە ناکۆکی و سەرهەڵدانی ململانێی قووڵ بەڕێدەکات.
عەلی جەبار، جێگری سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، بەیاننامەیەکی تووندی وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ عەدنان درجال بڵاوکردەوە.
هەفتەی رابردوودا، درجال چەند ئەندامێکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و لە نێویاندا عەلی جەباری بە هۆکاری دۆڕاندنی کەیسی یاسایی خێسوس کاساس، راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی عێراق تۆمەتبارکرد.
عەلی جەبار لە بەیاننامەکەدا روونیکردووەتەوە، کەیسی کاساس لە میدیاکان زۆر شێوێندراوە و ئەو بڕیارەی دادگای کاس داویەتی، پشتی بە بڕیاری رەسەنی ساڵی 2024 بەستووە.
عەلی جەبار هۆکاری سەرەکی دۆڕاندنی کەیسەکەی بۆ کۆمەڵێک پێشێلکاری یەکێتیی تۆپی پێی عێراق گەڕاندەوە، ئەمەش رێگەی بۆ کاساس خۆشکرد، کەلێنی یاسایی بدۆزێتەوە و لەڕێگەی دادگاوە داوای تەواوی شایستە داراییەکانی بکات.
دیارترین خاڵەکانی پێشێلکراو؛
- کاساس بەبێ ئاگادارکردنەوەی فەرمی یاخود رێکارێکی یاسایی روون و بە زارەکی دوورخرایەوە.
- هەڵوێستی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لەبارەی ‘بەندی کارکردن’ دژبەیەک بوو، لەلایەک باس لە تەواوکردنی ئەرکەکانی دەکرد و لەلایەکی دیکەش باسی لە وازهێنانی کاساس دەکرد.
- رەزامەندی گەشتکردن بۆ دەرەوەی عێراق هەبوو، پێچەوانەی ئەو قسانەی دەکرێن، چونکە هیچ یارییەکی فەرمی و دۆستانە لەو کاتەدا نەبوو.
- داواکاری رادەستکردنی شوێنی مانەوە و ئۆتۆمبێلی تایبەت لە وادەی کۆتاییهێنان، بەڵگەیەکی دیکەیە بۆ تەواوبوونی پەیوەندی یاسایی و پەیوەست بە گرێبەست بە شێوەیەکی تاکلایەنە.
لە بەیاننامەکەدا باسی داواکاری نا لۆژیکی کاساس کراوە و بەگوێرەی قسەکانی جێگری درجال بێت، کاساس دۆخی ناسەقامگیری کارگێڕی یەکێتیی تۆپی پێی قۆستەوە.

میدیا کەیسەکە شێواند
عەلی جەبار چەند لایەنێکی نێو یەکێتیی تۆپی پێی عێراقی بە شکستهێنانیان لە وەڵامێکی دروست لە دادگای کاس تۆمەتبار کرد.
جێگری درجال دووپاتیدەکاتەوە، تیمی پارێزەرانی کاساس پشتی بە هەڵە کارگێڕی و یاساییەکانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بەست و بەهیچ شێوەیەک پشتی بە بیانووە یاساییەکان نەبەست.
لەلایەکی دیکەوە، عەلی جەبار هەڵمەتی میدیایی بە لەدەستدانی هەڵوێستێکی یەکگرتوو تۆمەتبار کرد و دووپاتیدەکاتەوە، تاوەکو ئێستا کەیسە سەرەکییەکە یەکلایی نەکراوەتەوە و یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، مافی پێشکەشکردنی کەیسی یاسایی دژ بە کاساس هەیە.
راستکردنەوەی رێچکەی فێدراسیۆن
جێگری درجال لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، هێرشێکی تووندی کردە سەر درجال و دووپاتیکردەوە، تۆمەتەکان هیچ پاڵپشتی یاساییان نییە؛
بڕیاری فیفا لەبارەی بە بەرپرسدانانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە تەواوکردنی نایاسایی گرێبەستی کاساس، بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە لێدوانی میدیایی من نەبووە، بەڵکو تەواو پشتی بە هەڵەکانی یاسایی و ناوخۆیی یەکێتییەکە بوو.



