
یاریگا –
ناکۆکییەکانی نێوان کیلیان ئێمباپێ و یانەی پاریس سانجێرمان ئەم هەفتەیە چووە قۆناخێکی چارەنووسساز، دوای ئەوەی هەردوو لایەن لە بەردەم ئەنجومەنی دادوەریی پاریس ئامادەبوون.
ئەم کێشەیە نوێ نییە، بەڵام ئەمڕۆ بەهێزتر دهنگیدایهوه، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئادریان رابیۆ چەند مانگێک لەمەوبەر توانی دۆسیەیەکی هاوشێوە لە دژی هەمان یانە بباتەوە، بەڵام جیاوازییە سەرەکییەکە لە نێوان هەردوو حاڵەتەکەدا له کاتی گرێبهستهكهدایه، لە کاتێکدا رابیۆ گرێبەستەکانی پێش دەرچوونی یاسای 2015 واژۆ کردووە، کە چوارچێوەیەکی تایبەتی بۆ گرێبەستی وەرزشکاران دانا، ئێمباپێ لە ساڵی 2017 پەیوەندی بە یانەکەوە کردووە، واتە دوای چوونی یاساکە بۆ بواری جێبەجێکردن، ئەمەش بارودۆخی یاسایی ئەوی ئاڵۆزتر دەکات.
دانیشتنەکەی ئەم هەفتەیە پڕ بوو لە گرژی و ئاڵۆزی، پارێزەران تۆمەتەکانیان ئاڵوگۆڕ کرد، مشتومڕی درێژخایەن لەسەر سنوورەکانی یاسای کار، یاسای وەرزش، و دەسەڵاتی رێککەوتنە ئەوروپییەکان بەڕێوەچوو.
دادگا وتهی ههردوو لایهنی وهرگرت و ئەنجومەنی دادوەریی لە 16ی کانوونی یەکەم بڕیاردهدات، ئهگهر بە قازانجی ئێمباپێ بڕیار بدات، ئەوا یاریزانەکە تەنیا قەرەبوو وەرناگرێت کە دەکرێت تێچووی دەرکردن، تێچووی ئاگادارکردنەوە، قەرەبووی دەرکردنی نادادپەروەرانە بگرێتەوە، ئهمهش دەکرێت دەرگا بۆ شەپۆلێک لە دۆسیەی هاوشێوە بکاتەوە و گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە شێوازی گرێبەستی یاریزانان لە فەرەنسادا دروست بکات.
بڕیاری کۆتایی لە 16ی کانوونی یەکەم دەردەچێت، بەڵام، هەرچییەک بێت، بێدەنگ تێناپەڕێت، چونکە ئەم ناکۆکییە تەنیا کێشەی نێوان یاریزانێک و یانەیەک نییە، بەڵکو بووەتە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە بۆ داهاتووی پێکهاتەی یاسایی وەرزشی لە فەرەنسا.
قەیرانەکە لە ساڵی 2023 دەستیپێکرد، ئەوکاتە ئێمباپێ بە نووسراوێکی فەرمی پاریس سانجێرمانی لە نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی لە هاوینی ساڵی 2024 ئاگادار کردەوە.
وەڵامی سانجێرمان زۆر توند و خێرا بوو، دەستبەجێ ئێمباپێ لە گەشتی ئامادەکاری وەرز لە ژاپۆن دوورخرایەوە، دوای چەند هەفتەیەک ئێمباپێ و ناسڕ خلێفی، سەرۆکی سانجێرمان کۆبوونەوە. ئەوکاتە میدیاکانی فەڕەنسا بڵاویانکردەوە، رێککەوتنێکی زارەکی لە نێوان هەردوولا کراوە و ئێمباپێ لە ئەگەری جێهێشتنی پاریس سانجێرمان، دەستبەرداری تەواوی شاییستەکانی دارایی دەبێت.
دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک، میدیاکانی فەڕەنسا ئاشکرایانکرد، رێککەوتنی نێوان کیلیان و خلێفی هیچ پاڵپشتییەکی یاسایی نییە و بەبەڵگە نەکراوە، ئەمەش دەرگای لەبەردەم ئێمباپێ کردەوە، تاوەکو لە دادگا داوای پارەکانی بکات.
لە مایس/مایۆی رابردوودا، پارێزەری ئێمباپێ لەڕێگەی دادگاوە، بڕی 55 ملیۆن یۆرۆی سانجێرمانی بڵۆک کرد، بەڵام هەرزوو دادگای تێهەڵچوونەوە بە بیانووی نەبوونی پارێزبەندی تەواو، بڕیارەکەی گۆڕی و پارەکانی سانجێرمانی ئازادکردەوە.
یەکەمجارە لە مێژووی دادوەری فەڕەنسا کەیسێکی لەمجۆرە ناکۆکی یاسایی دروستبکات، ئەمەش ئیتر یانەکان ناچار دەکات، پێداچوونەوە بە شێوازی ئامادەکردنی گرێبەستی یاریزانان بکەن، بەتایبەت گرێبەستە کاتییەکان.
پاریس سانجێرمان لەلای خۆیەوە هەڵوێستی خۆی نەگۆڕیەوە و دووپاتیدەکاتەوە، ئێمباپێ بە زارەکی بە خلێفی گوتووە، دەستبەرداری تەواوی شاییستەکانی دارایی دەبێت، ئەمەش هەڵوێستی سانجێرمان لە دادگا بە لاوازی دەهێڵێتەوە، چونکە هیچ پاڵپشتییەکی یاسایی نییە و تۆمارنەکراوە.