سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی فەڕەنسا رێککەوتن لەگەڵ زیدان رەتدەکاتەوە
پێچەوانەی پێشبینییەکان؛ هیچ رێککەوتنێک بۆ شوێنگرەوەی دیشان نەکراوە

یاریگا –
فیلیپ دیالۆ، سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی فەڕەنسا رەتیکردەوە باسی شوێنگرەوەی دیدێی دیشان بکات.
لەدوای مۆندیالی 2026 پێشبینی گۆڕانکاری گەورە لە هەڵبژاردەی فەڕەنسا دەکرێت، ئەمەش بەهۆی تەواوبوونی ئەرکی دیشان لەگەڵ کەڵەشێرەکان.
رۆژنامەی لیکیپ لە زاری دیالۆ روونیکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا دەستنیشانکردنی زینەدین زیدان وەکو شوێنگرەوەی دیشان یەکلایی نەبووەتەوە، رۆژنامەکە نووسیویەتی؛
تاوەکو ئێستا دیالۆ داننان بە دەستنیشانکردنی زیدان وەکو تاکە جێگرەوەی دیشان رەتدەکاتەوە، هەرچەندە نیمچە دڵنیابوونێک لە دەستنیشانکردنی زیدان وەکو شوێنگرەوەی دیشان هەیە.
رۆژنامە بەناوبانگەکەی فەڕەنسا لە زاری دیالۆ نووسیویەتی؛
ئەمە تەنیا چاوەڕوانییەکی ناڕاستە، چونکە ئێمە رێزێکی زۆری پێکهاتەی ئێستا دەگرین و 14 ساڵە دیشان سەرپەرشتی ئەم هەڵبژاردەیە دەکات. نامەوێت هیچ شتێک کاریگەری لەسەر ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەی فەڕەنسا دروستبکات.
دەزانین دیشان رایگەیاندووە لە دوای مۆندیال پۆستەکەی جێدەهێڵێت، بۆیە کاتێکی زۆرمان لەبەردەمە و لەوانەیە شتی دیکە رووبدەن کە خەڵک پێشبینی نەکردووە.
Philippe Diallo assure que l’ancien numéro 10 n’a pas déjà été choisi pour succéder à Didier Deschamps à la tête des Bleus. Le président de la FFF fait aussi un point sur le dossier du Stade de France et la réforme de la gouvernance du football français. https://t.co/bJKGoZcZjw pic.twitter.com/JKLNRrFmME
— L’Équipe (@lequipe) November 21, 2025
سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی فەڕەنسا لەبارەی زیدانەوە دەڵێت؛
زۆر بە زیدان سەرسامم و رێزێکی زۆری دەگرم، جا چ وەکو خزمەتەکانی وەکو یاریزان بۆ تۆپی پێی فەڕەنسا یاخود خزمەتەکانی وەکو راهێنەر و بردنەوەی نازناوەکان، بەڵام ئێستا دەبێ تەنیا سەرنج لەسەر ئامادەکارییەکان دابنێین.
هەموو شتێک لە کاتی گونجاودا روودەدات، تاوەکو ئێستا هیچ شتێک یەکلایی نەکراوەتەوە، ئەم بابەتانە لەگەڵ دیشان و دۆستەکانم لە لێژنەی جێبەجێکاری یەکێتیی تۆپی پێی فەڕەنسا باس دەکەین.
دوو کاتی جیاواز بۆ ئاشکراکردنی راهێنەری نوێی فەڕەنسا هەن، یەکەمیان لەدوای تەواوبوونی مۆندیال، یاخود بەر لە قۆناخەکانی کۆتایی مۆندیال.
هەموو شتێک ئەگەری روودانی هەیە و هیچ رێگرییەک لە بوونی هەماهەنگی لە نێوان دیشان و شوێنگرەوەیەک نییە.
دیشان بە شێوازێکی روون و تایبەت جێهێشتنی هەڵبژاردەکەی راگەیاندووە، بۆیە هیچ لارییەک لە بوونی هەماهەنگی لەگەڵ راهێنەری داهاتوو نییە.



