هەفتەیەکی مێژوویی؛ سێ دەنگدان یاساکانی دارایی پرێمەرلیگ دەگۆڕێت و تەقینەوەیەکی یاسایی روودەدات
سنوورێک بۆ مووچە و گواستنەوەی یاریزانان دادەندرێت

یاریگا –
سبەی هەینی، وەبەرهێنەرانی یانەکانی پرێمەرلیگ کۆبوونەوەیەکی گرنگ دەکەن و لەوانەیە خوولەکە بچێتە قۆناخێکی نوێ و جیاواز.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی سێ سیستمی نوێی دارایی دەکرێت و جارێکی دیکە ژێرخانی ئابووری بەهێزترین خولی جیهان دادەڕێژێتەوە.
بەرپرسانی باڵای پرێمەرلیگ دوای چەندین ساڵ گەیشتنە ئەو بڕوایەی، یاساکانی بەردەوامی و قازانج (PSR) لەگەڵ جیهانی ئێستای دارایی هاوتەریب نییە، چونکە چەندین کەلێنی تێدایە و رێگەی بە چەند یانەیەک داوە، یاریی بە رێساکانی دارایی بکەن و خۆیان لە سزاکان بدزنەوە.
لەم هەفتەیەدا، یانەکان سەدان بەڵگەی بۆ پرێمەرلیگ ناردووە. بەڵگەکان هەژمار و پێشبینییەکانی 10 ساڵی داهاتووی تێدایە.

بۆچی کۆبوونەوەکە گرنگە؟
کۆبوونەوەی فراوانی ئەمجارەی پرێمەرلیگ پەیوەندی بە زیادکردنی تەکنۆلۆژیا یاخود گۆڕانکاری لە سیستمی ناوبژیوانی نییە، بەڵکو سەرنجی تەواوی لەسەر هاوسەنگی دارایی یانەکانە.
تۆڕی ئاتلێتیک پێشبینی چەندین گۆڕانکاری دەکات لەوانە؛
- گۆڕینی شێوازی گرێبەستی یانە لەگەڵ یاریزانان.
- کەمکردنەوەی سنووری بەرزترین مووچە
- کەمکردنەوەی توانای یانە گەورەکان لەسەر باڵادەستی
- یاخود هەموو شتێک وەکو خۆی دەمێنێتەوە.
پێشنیازی یەکەم؛ سیستمی لەنگەرگرتن – Anchoring
سیستمی بەستنەوەی سەرەوە بۆ خوارەوە، میکانیزمێکی رێکخستنی داراییە، ئامانجی دیاریکردنی سنوورێکی یەکگرتووە بۆ خەرجییەکانی هەموو ئەو یانانەی کە لە خوولێکدا بەشدارن (وەکو پریمەرلیگ)، بەمەبەستی کەمکردنەوەی جیاوازی دارایی و دڵنیابوون لە بوونی کێبڕکێیەکی دادپەروەرانە.
پڕۆژەیەکی پڕ ئاوات و پڕ مشتومڕە، چونکە داوای دانانی بنمیچ و سنوورێکی یەکگرتوو بۆ تەواوی یانەکانی پرێمەلریگ دەکات، بە پشتگوێخستنی قەبارە و رێژەی داهاتیان.
چۆن کاردەکات؟
سنوورێکی باڵا بۆ خەرجی یانەکان لەبارەی مووچە و گواستنەوەی یاریزانان دابندرێت، ئەم سنوورە داراییە زیاتر لە بەرژەوەندی یانە بچووکەکان دەبێت.
نابێ یانەکان لە بڕی تێکڕای داهاتی یانەیەک لە پەخشی تەلەڤزیۆنی و سپۆنسەرییەوە کە پرێمەرلیگ بەسەر یانەکان دابەشی دەکات، پێنج ئەوەندەی ئەو داهاتە خەرج بکات، بۆ نموونە؛
ساوسامتن لە وەرزی 2024-25، بڕی 109.2 ملیۆن پاوەندی وەرگرت و خاوەن دوا پلەی ریزبەندی پرێمەرلیگ بوو. ئەگەر بەم سیستمەی تێکەڵ بکەین، ئەوا یانەکە ناتوانێت زیاتر لە 546 ملیۆن پاوەند خەرج بکات.

خەرجی یانەکە چەند لایەن دەگرێتەوە؟
- مووچە
- پاکردنی قەرز بە دانەوەی بەرەبەرە
- دەڵاڵی بریکارەکان
کەواتە پوختەی خەرجییەکە بریتییە لە تەواوی خەرجییەکانی گواستنەوە و مووچەی یاریزان و تەواوی بابەتی پەیوەندیدار.
یانەکانی مانچێستەر سیتی، لیڤەرپوول، ئارسیناڵ و چێڵسی زۆرترین زیان لەم سیستمە داراییە دەکەن، چونکە ئەم سیستمە سنووری مووچە و خەرجییان بۆ دادەنێت و ناتوانن هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، گرێبەست بکەن.
لایەنی یاسایی
سێ سەندیکای گەورەی یاریزانان هەڕەشەی جیددیان بۆ بەرزکردنەوەی سکاڵا کردووە.
سەندیکاکان پێیانوایە، جێبەجێکردنی سیستمە نوێیەکە دەبێتە پێشێلکارییەکی گەورە بۆ سەر ئازادی گفتوگۆی نێوان یاریزانان و یانەکان.
لەلایەکی دیکەوە، یاریزانان ناچار بە کەمکردنەوەی مووچەکانیان دەکرێن، ئەمەش بە تەواوی پێچەوانەی یاساکانی رکابەریی بەریتانیا و ئەوروپایە.
بە تێپەڕاندنی یاساکە، پێشبینی دروستبوونی جەنگێکی یاسایی گەورە لە نێوان یانەکان و سەندیکای یاریزانان دەکرێت.
پێشنیازی دووەم؛ سیستمی SRC – تێچووی پێکهاتەی یاریزانان
سیستمی دارایی یاسای تێچووی پێکهاتەی یاریزانان (Squad Cost Rule – SCR) یەکێکە لە پێشنیازە داراییە رێکخەرەکان کە ئامانجی کەمکردنەوەی خەرجییە لەسەر یاریزانان لە خوولە گەورەکانی ئەوروپادا.
سیستمی SCR لە یاساکانی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا ‘یوێفا’دا کاری پێدەکرێت، کۆی خەرجی راستەقینەی یانەکان نابێت لە 85%ی داهات زیاتربێت.
چی لەخۆدەگرێت؟
- مووچەی یاریزان و راهێنەران
- پاکردنی قەرز بە دانەوەی بەرەبەرە
دەڵاڵی بریکارەکان
بەراوردی وەشانەکەی پرێمەرلیگ لەگەڵ یوێفا
لە ئەوروپا یانەکان لە ژێر فشارێکی زۆر تووندان، چونکە رێژە دیاریکراوەکە بریتییە لە 70% و بەمەش یانەکانی هەناسە تەنگ کردووە.

کێشەکە چییە؟
سیستمی SCR قازانجی فرۆشتنی یاریزانان لە ماوەی سێ ساڵدا هەژمار دەکات، ئەم هەنگاوە رێگە لە یانەکان دەکات، لە یەک بازاڕی گواستنەوەدا بە فرۆشتنی یاریزانێک، تەواوی دارایی خۆیان زیندوو بکەنەوە.
یانەکانی برێنتفۆرد، کریستال پاڵاس، بۆرنمس بە تووندی دژی ئەم پێشنیازەن، چونکە ئەم یانانە تەواو پشت بە فرۆشتنی یاریزانان دەبەستن.
پێشنیازی دووەم؛ سیستمی SSR – سەقامگیری و نەرمی
ئامانجی ئەم یاسایە دڵنیابوونە لەوەی یانەکان پارەی پێویستیان لەبەردەستدایە، تاوەکو پابەندبوونەکانیان بەجێبهێنن، چ لە ماوەیەکی کورت (وەک پێدانی مووچەی مانگانە و پارەی راگوێزراوی کورتخایەن) یان لە ماوەی درێژخایەندا بێت.
بە سادەیی؛
دڵنیابوون لە بوونی پارەی بەردەست (Liquidity): دەبێ یانەکان دڵنیاببنەوە، پارەی پێویستی کاش و سەرمایەی گونجاویان بۆ بەڕێوەبەردنی کارەکانی رۆژانە هەیە، بەبێ ئەوەی بکەونە ژێر فشاری دارایی لە ناکاو.
- سیستمی جیڕی (System Resilience): دانانی سیستمێکە تاوەکو یانەکان بەرگەی گۆڕانکاری لەناکاو بگرن، لەوانەیە دابەزینی کتوپڕی داهات.
چی دەگرێتەوە؟
- مووچەی کورتخایەن
- پێدانی قیستەکانی داهاتووی گرێبەستەکان
- بەڕێوەبەردنی قەرز
یانەکانی لیڤەرپوول، ئاستۆن ڤیلا، بێرنلی، ئێڤەرتن و سەندرلاند تاوەکو رادەیەکی زۆر پاڵپشتی هەرسێ پێشنیازە یاساکە دەکەن، بە گۆڕانکاری بچووکەوە.
ئەم یانانە دەیانەوێت باڵادەستی یانە بەهێزەکان لەڕووی دارایی نەمێنێت و کێبڕکێیەکی دادپەروەرانە بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، یانەکانی مانچێستەر سیتی، ئارسیناڵ و چێڵسی دژی زیاتر لە پێشنیازێکن، چونکە کاریگەری لەسەر لایەنی دارایی دروستدەکات.
پرێمەرلیگ لە کۆی 20 دەنگ، پێویستی بە 14 دەنگە تاوەکو پێشنیازە یاساکان پەسند بکات.
ئەگەر دەنگدان شکستیهێنا؟
- پرێمەرلیگ لە جێبەجێکردنی یاسای بەردەوامی و قازانج (PSR) بەردەوام دەبێت
- هەڵاوسانی دارایی بەردەوام دەبێت
- چاکسازی بۆ چەند ساڵێک دوادەکەوێت
- یانە گەورەکان لە جەنگی یەکەم سەردەکەن
- دابەشبوونی ناوخۆیی لە پرێمەرلیگ روودەدات



