پلانی ‘یامال’؛ بارسێلۆنا وادەی چاکبوونەوەی ئەستێرەکەی دەستنیشانکردووە
رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ وردەکاری پلانەکە ئاشکرا دەکات

یاریگا –
بارسێلۆنا لە جێبەجێکردنی پلانێکی ورد بۆ دووبارە ئامادەکردنەوەی لامین یامال و گەڕاندنەوەی بۆ لووتکەی ئاست بەردەوامە.
یامال بەدەست پێکانەکەی ئێسکی بەر دەناڵێنێت، تەنانەت ناچاری کرد لە چەند رۆژی رابردوودا بە تەواوی هەموو شتێک رابگرێت و تەنیا سەرنج لەسەر چاکبوونەوە دابنێت.
یامال بەشداری هەردوو یاریی پێشووی ئیسپانیای بەرامبەر جۆرجیا و تورکیا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال نەکرد و خەریکی چارەسەر بوو.
چارەسەری رایدیۆفریکوێنسا
یامال لە 10ی مانگی رابردوودا، چارەسەری فریکوێنسی گەرمی دەستپێکرد، ئەمەش شێوازێکی چارەسەری پزیشکییە بۆ کەمکردنەوەی هەوکردن و ئازار بەکاردێت.
دواتر یامال بۆ ماوەی 48 بۆ 72 کاتژمێر پشووی تەواوی پێدرا و پێنجشەممەی رابردوو، پڕۆگرامی تایبەتی لەگەڵ دوو لە پسپۆرانی چاکبوونەوە دەستپێکرد.
ئامانجی بارسێلۆنا لەم هەنگاوە، ئامادەکردنەوەی یامالە لە ماوەی حەفت بۆ 10 رۆژ. لە سێ دانیشتنی چارەسەری دوێنێ لە شاری وەرزشی خوان گامبەر، یامال بەشداری لە چەند بڕگەیەکی مەشقەکانی هانزی فلیکی لەگەڵ یاریزانان کرد.
بیلباو تاقیکردنەوە و ئامانج چێڵسییە
رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، لەوانەیە یامال بەشداری چەند خوولەکێکی یارییەکەی بیلباو بکات، وەکو تاقیکردنەوەیەکی جیددی، تاوەکو بە تەواوی بۆ یارییەکەی چێڵسی ئامادەبێت.
یامال هەست بە خرۆشانێکی زۆر دەکات و دەیەوێت لە یەکەم یاریی کامپ نۆو بەشداربێت، بەڵام پزیشکەکان مەرجی سەرەکییان بۆ گەڕانەوەی یامال دناوە؛ دەبێ لەم دوو رۆژەدا نیشانەی ئەرێنی هەبن، ئینجا دەتوانێت بەشداری بکات، ئەگەرنا مۆڵەتی بەشداری پێنادەن.
ئێرنێست شیلدەرز، پزیشکی بەلجیکی بەناوبانگ، سەرپەرشتی دووبارە ئامادەکردنەوەی یامال دەکات. لە چەند رۆژی رابردوودا، راپۆرتێکی پزیشکی ئاڕاستەی دەستەی راهێنەران کردووە و ئاماژەکان ئەرێنی بوون.
نەشتەرگەری هێڵی سوورە
چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە یامال دووپاتیدەکەنەوە، لە ماوەی رابردوودا یامال ئازاری زۆری هەبوو، بەڵام بیرۆکەی نەشتەرگەری بەردەوام رەتدەکرایەوە.
یامال و ماڵباتەکەی نەیاندەویست گوێیان لە وشەی نەشتەرگەری بێت و هەموو ئامانجیان ئەوەبوو، لە ژووری نەشتەرگەری دووریبخەنەوە.
بارسێلۆنا بۆ پاراستنی یاریزانەکە، پەنای بۆ ستافی پزیشکانی دەرەوە برد، بۆیە پزیشکێکی بەلجیکییان بۆ سەرپەرشتیکردنی دۆخەکە دەستیشانکرد.
هۆشداری پزیشکان
پزیشکانی بارسێلۆنا بە یامالیان راگەیاندووە، ئەگەر پابەندی پڕۆگرامی چاکبوونەوە نەبێت، ئەوا لەوانەیە تووشی پێکانێکی لەناکاو ببێت و بۆ ماوەی چەندین مانگ دووریبخاتەوە.
لامین تەواو لە پەیامەکە تێگەیشتووە و سەرنجی تەواوی لەسەر پڕۆسەی چاکبوونەوە داناوە و خۆی بە بابەتی لاوەکی سەرقاڵ ناکات.



