رۆناڵدۆ سەرنجی هەمووان رادەکێشێت؛ سێڵفییەکەی لەگەڵ کێ گرتووە؟
کریستیانۆ ئەستێرەی درەوشاوەی ئێوارەخوانی کۆشکی سپییە

یاریگا –
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە درەوشاوەیی لە دەرەوەی یاریگاش دەردەکەوێت، دوای ئەوەی سێڵفییەکی نائاسایی لەگەڵ ئیلۆن مەسک و چەند کەسایەتییەکی بەهێزی دیکەی جیهان چرکاند.
دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەسەر شەڕەفی محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سعوودیە، ئێوارە خوانێکی گەورەی لە کۆشکی سپی بۆ شاندی هەردوو وڵات رێکخست.
رۆناڵدۆ و جۆرجینا رۆدریگیێزی خۆشەویستی، وەکو میوانی تایبەت و ئەندامی شاندی سعوودیە لە ئێوارە خوانەکەدا بەشداربوون.
دەیان کەسایەتی گەورە و بەهێزی جیهانی لە ئێوارە خوانەکەدا ئامادەبوون، ئەمەش لە پەراوێزی سەردانێکی مێژوویی بن سەلمان بۆ واشنتن و واژۆکردنی دەیان رێککەوتننامە.
سێڵفییەکی مێژوویی لە کۆشکی سپی
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، دەیڤد ساکس، گەورە کارساز و وەبەرهێنی ئەمریکی، وێنەیەکی سێڵفی لە هەژماری خۆی بڵاوکردەوە کە بەدەستی رۆناڵدۆ چرکێندرابوو.
ساکس لە کاپشنی پۆستەکەیدا نووسیویەتی، شەوێکی ناوازەیە.
رۆناڵدۆ، ئەستێرەی نەسڕی سعوودی بە قاتێکی سەرنجڕاکێشی رەنگ رەش دەرکەوت، لە پەراوێزی ئێوارە خوانەکەدا، رۆناڵدۆ چاوی بە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ماڕکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە و مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران (کۆنگرێس) و تیم کووک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵ کەوت.
کێ لە سێڵفییەکەی رۆناڵدۆدا بوو؟
- کریستیانۆ رۆناڵدۆ – یاریزانی پۆرتوگال و نەسڕی سعوودی.
- جۆرجینا رۆدریگێز – کەپڵی رۆناڵدۆ، فاشۆن مۆدڵ و ئینفلوێنسەر.
- ئیلۆن مەسک – بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تێسلا، سپەیس ئێکس و خاوەنی پلاتفۆڕمی X.
- هاوارد لووتنیک – وەزیری بازرگانی ئەمریکا و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی کۆمپانیای فیتز جێڕاڵد.
- دەیڤد ساکس – راوێژکاری سەرۆک تڕەمپ لە ئەنجوومەنی راوێژکاران بۆ زانست و تێکنۆلۆجیا.
- جیانی ئینفانتینۆ – سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ‘فیفا’.
- کیمبرلی گیلفۆیڵ – باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە یۆنان.
9 ساڵە سەردانی ئەمریکای نەکردووە
یەکەمجارە رۆناڵدۆ لەدوای ساڵی 2017ەوە لە خاکی ئەمریکا ببیندرێت، ئەمەش دوای تۆمەتبارکردنی بە دەستدرێژی سێکسی سەر مامۆستایەک لە لاس ڤێگاس.
کەیسەکە لە ساڵی 2009 سەریهەڵدا، کاتێک کاسترین مایۆرگا، رۆناڵدۆی بە دەستدرێژی سێکسی لە هۆتێلێکی لاس ڤێگاس تۆمەتبارکرد، دواتر رۆناڵدۆ لە ساڵی 2010 لە دەرەوەی دادگا بەبڕی 375 هەزار دۆلار، کەیسەکەی داخست.
لە ساڵی 2017 جارێکی دیکە مامۆستاکە سکاڵای لە دادگا لە دژی رۆناڵدۆ تۆمارکرد، بەڵام دادگا لە ساڵی 2022 کەیسەکەی داخست و پارێزەری سکاڵاکاری بە پێشکەشکردنی بەڵگەی ‘دزرا و دزەپێکراو’ تۆمەتبارکرد.
رۆناڵدۆ لەو ساتەوە بەشداری هیچ چالاکیی و یاریی دۆستانەی یانەکانی ریاک مەدرید، یوڤێنتوس، مانچێستەر یونایتد و نەسڕ لە ئەمریکا نەکردووە.

پەیامی سیاسی
رۆناڵدۆ لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تڕەمپ بەردەوامە.
لە یۆلیۆ/تەمووزی رابردوودا، تڕەمپ درێسێکی واژۆکراوی رۆناڵدۆی بەدیاری پێشکەشکرا و رۆناڵدۆ پەیامێکی لەسەر درێسەکە نووسیبوو؛
بۆ سەرۆک دۆناڵد جەی تڕەمپ… یاریی بۆ ئاشتی.

سەردانەکەی رۆناڵدۆ بۆ واشنتن هاوکاتبوو لەگەڵ دەنگدانی کۆنگرێس لەسەر بڵاوکردنەوەی فایڵەکانی وەزارەتی داد لەبارەی کەیسی جێفری ئێپستین.



