لێیان خۆشنابین؛ ریال مەدرید یۆرۆ بە یۆرۆ لە قوڕگی یوێفا دەردەهێنێت
پارەکە بۆ چەند یانەی سوپەرلیگ دەبێت؟

یاریگا –
ریال مەدرید و کۆمپانیای A22 سکاڵایەکی زەبەلاح لەسەر یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا تۆمار دەکەن.
مانگی رابردوو رۆژنامەی ئاس بڵاویکردبووەوە، ریال مەدرید و کۆمپانیای A22 بڕیاریانداوە سکاڵا لەدژی یوێفا تۆمار بکەن و داوای 4.5 ملیار یۆرۆ دەکەن لە بەرامبەر قەرەبووکردنەوەی زیانەکان، قازانجی لەدەستچوو و زیانگەیاندن بە ناوبانگیان.
ئێستا رۆژنامەکانی ئێل پایسی ئیسپانی و گاردیانی بەریتانی ئاشکرایانکردووە، ریال مەدرید دەستی بە هەنگاوی جیددی کردووە و بەفەرمی سکاڵا لەدژی یۆفا تۆماردەکات.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، هێشتا ریال مەدرید بڕیاری نەداوە ئەگەر کەیسەکە بباتەوە پارەکە چۆن بەسەر یانەکان دابەش دەکات، وەە یەکلایینەکردووەتەوە پارە بەو یانانە دەدات کە لە پڕۆژەکە کشاونەتەوە یاخود نا.

مانچێستەر یونایتد، مانچێستەر سیتی، لیڤەرپوول، ئارسیناڵ، تۆتنهام، یوڤێنتوس، ئینتەر میلان، ئەیسی میلان بەفەرمی لە پڕۆژکە کشاونەتەوە، تاوەکو ئێستا تەنیا بارسێلۆنا بەفەرمی کشانەوەی لە پڕۆژەکە رانەگەیاندووە.
دادگای مەدرید لە مایس/ئاداری ساڵی 2024 لە بەرژەوەندی پڕۆژەی سوپەرلیگ بڕیاریدا، کاتێک فیفا و یوێفا بە خراپ بەکارهێنانی پێگە گرنگەکەیان تۆمەتبار کرد. بڕیاری کۆتایی دادگاکەش بریتیبوو لە پێدانی ماف بە دروستکردنی پاڵەوانیەتییەکی دیکە و نەبوونی هیچ ماددەیەکی یاسایی کە یوێفا بتوانێت رێگریان لێبکات.
بەڵام هەریەکە لە یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا ‘یوێفا’ و یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا و کۆمەڵەی خولی ئیسپانیا ‘لالیگا’ تانەیان لە بڕیارەکەی دادگا دابوو. بەڵام دوێنێ دادگای مەدرید بەفەرمی تانەکانی رەتکردەوە و جارێکی دیکە لە بەرژەوەندی پڕۆژی سوپەرلیگ بڕیایدا.
هاوکات نوێنەرانی سوپەرلیگ و یوێفا ماوەی ساڵێکە لە گفتودان و بەدوای چارەسەر دەگەڕان، ریال مەدرید مانگی رابردوو بەفەرمی رایگەیاند لەگەڵ یوێفا نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک.
بڕیاری دادگای هەرێمایەتی مەدرید رێگە بۆ یانەکەمان خۆشدەکات، تاوەکو داوای قەرەبووی گەورە بکاتەوە.
بەدرێژایی ئەمساڵ، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بنچینەیی، گفتوگۆی زۆرمان لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا کردووە، بەڵام لەبارەی حکومڕانی شەفافانەتر، قازانجی دارایی بەردەوام، پاراستنی تەندروستی یاریزانان، باشترکردنی ئەزموونی هاندەران رێکنەکەوتین. هەروەها لەسەر گواستنەوەی پەخشی راستەوخۆ و بێ بەرامبەر لەسەر ئاستی جیهانیش هاوشێوەی مۆندیالی یانەکان، نەگەیشتینە رێککەوتن.
رۆژنامەی ئاس ئاماژەی بەوەش کردووە ریال مەدرید و کۆمپانیای A22 پێیان وایە یوێفا هەرگیز نیازی رێککەوتن نەبووە لەگەڵیان، بەڵکو تەنیا ویستویانە کاتی زیاتر بەدەستبهێنن و کارەکانی پڕۆژەی سوپەرلیگ بە تەواوی پەک بخەن،
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ریال مەدرید دەیەوێت بە یاسای رێگریکردن لە قۆرخکاری سکاڵاکەی بەرزبکاتەوە، کە لەم دواییە کۆمپانیای گووگڵ هەر بەو یاسایە بەبڕی 2.4 ملیار یۆرۆ سزا درا، ریال مەدرید دەیەوێت ئەو کەیسە بکاتە پێشینەی داواکەی.



