بڕیارێکی چارەنووسساز؛ بارسێلۆنا هیوای بە گەڕانەوەیە بۆ ماڵی گەورە
ئامادەکاری گەورە کراوە

یاریگا –
ساتی بڕیاردان بۆ گەڕانەوەی یارییەکانی بارسێلۆنا بۆ یاریگای سپۆتیفای کامپ نۆو لە هەموو کاتێکی دیکە نزیکتربووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، بارسێلۆنا لە چاوەڕوانیدا دەژیت، چونکە شارەوانی بارسێلۆنا بڕیار لەسەر مۆڵەتی کردنەوەی چەند شوێنێکی هاندەرانی کامپ نۆو دەدات.
بارسێلۆنا هەموو ئامادەکارییەکی کردووە تاوەکو شەممەی داهاتوو یارییەکەی بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو لە کامپ نۆو بکرێت، بەڵام پڕۆسەی فرۆشتنی بلیتی یارییەکەی دەستپێنەکردووە، چونکە دەبێ مۆڵەتی شارەوانی وەربگرێت.
ئەگەر شارەوانی بارسێلۆنا لە چەند کاتژمێری داهاتوودا مۆڵەتی کردنەوەی چەند شوێنێکی دیکەی هاندەرانی نێو یاریگاکە نەدات، ئەوا بارسێلۆنا بە شێوەیەکی نیمچە پشتڕاستکراو، لە 29ی ئەم مانگە یەکەم یاریی بەرامبەر دێپۆرتیڤۆ ئالاڤێس لە کامپ نۆو دەکات و رێکەوتەکە هاوکاتە لەگەڵ یادی دامەزراندنی یانەکە.
قۆناخی 1B
بارسێلۆنا لە 17ی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەم مۆڵەتی وەگەڕخستنی قۆناخی یەکەمی 1A وەرگرت، لە چەند رۆژی رابردووشدا، بارسێلۆنا هەموو بەڵگە و راپۆرتە پێویستەکانی وەرگرتنی مۆڵەتی قۆناخی 1Bی پێشکەشی شارەوانی بارسێلۆنا کردووە.
بە وەرگرتنی مۆڵەتی قۆناخی 1B، شارەوانی بارسێلۆنا رێگە بە کردنەوەی شوێنی دانیشتنی یەکەم و دووەمی ئەڵتراسی بارسێلۆنا دەدات و ژمارەی کورسییە مۆڵەتپێدراوەکان دەگاتە 45 هەزار کورسی.
بە مۆڵەتی ئێستا، بارسێلۆنا دەتوانێت نزیکەی 27 هەزار بلیت بفرۆشێت و تەنیا دەتوانن لە شوێنی دانیشتنی سەرەکی لە زۆنی تریبونا (Tribuna) و زۆنی پشتگۆڵی باشوور (گۆڵ سوور – Gol Sur) دابنیشن.
ژمارەکە بەراورد بە یاریگای لویس کۆمپانێس زۆر کەمترە، بۆیە بارسێلۆنا خۆی یەکلاییکردووەتەوە، تاوەکو مۆڵەتی 1B لە شارەوانی وەرنەگرێت، ناگەڕێنەوە کامپ نۆو.
هەموو شتێک بەدەست شارەوانییە
دوای پێشکەشکردنی تەواوی فایڵەکان، بارسێلۆنا پێشبینیدەکات، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی هەفتەی نوێ کە بڕیارە دووشەممە بێت، ترووسکایی وادەی گەڕانەوەیان بۆ کامپ نۆو رووندەبێتەوە.
رۆژنامەکە ئاشکرایدەکات، ئەگەر دووشەممە مۆڵەتی کردنەوەی زۆنی زیاتری هاندەران درا، ئەوا بارسا هەموو هەوڵێک دەدات یارییەکەی بەرامبەر بیلباو بگوازێتەوە کامپ نۆو.
تاوەکو ئێستا پێگەی لالیگا، یاریگای یارییەکەی بارسێلۆنا و بیلباوی دەستنیشان نەکردووە، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ یەکلایی نەبوونەوەی شوێنەکە لێکدەدرێتەوە.
29 نۆڤێمبەر گونجاوترینە
هەرچەندە بژاردەی هەفتەی داهاتوو کراوەیە، بەڵام بەرپرسانی لۆجستی یانەکە پێیانوایە، سیناریۆی 29ی ئەم مانگە گونجاوترینە، تاوەکو پەلەپەل لە هیچ هەنگاوێک نەکرێت.
29ی ئەم مانگە وادەیەکی مێژوویی یانەکەشە، چونکە 129 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یانەکە تێدەپەڕێت و ئەمەش دەبێتە فاکتەرێکی گەورە بۆ ئاهەنگگێڕان بە گەڕانەوە بۆ کامپ نۆو و دامەزراندنی یانەکە.



