Loading...
ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

قەیرانی هێڵی بەرگری بارسێلۆنا؛ دێکۆ و فلیک خەریکی هەڵسەنگاندنی بژاردەکانن

بارسێلۆنا ئامادەکاری بۆ مێرکاتۆیەکی گەورە دەکات

Yariga App

یاریگا –

خەریکە بارسێلۆنا پلانی بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوو دادەڕێژێت، ئەمەش دوای روونبوونەوەی دیارترین کێشەکانی یانەکە لەم وەرزەدا.

رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، کێشەی سەرەکی بارسێلۆنا لە بەرگریکاری باڵی چەپە و خەریکە گفتوگۆی زۆر لەنێو یانەکە لەسەر ئەم شوێنە دەکرێت.

ئالێخاندرۆ بالدێ بێ کەڵکە؟

بالدێی تەمەن 22 ساڵ، بەرگریکاری باڵی چەپی سەرەکی بارسێلۆنایە، خاوەن توانای گەورەی هونەرییە و گرێبەستەکەی لە هاوینی ساڵی 2028 بەسەردەچێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئاستی چاوەڕوانکراوی پێشکەش نەکردووە.

یاریزانەکە دەزانێت شوێنی لە پێکهاتەی سەرەکی بارسێلۆنا پارێزراو نییە، بۆیە ئێستا لەژێر زەڕەبینی هانزی فلیکدایە و هەوڵی خۆ بەرەوپێشبردن دەدات.

یەدەکەکان سنووردارن

بارسێلۆنا چەند یاریزانی دیکەی لە هێڵی بەرگری هەیە کە دەتوانن وەکو یەدەکی بالدێ یاریی بکەن.

  • جێرارد مارتن، تەمەن 23 ساڵ یەکێکە لە یاریزانە دیارەکانی بارسێلۆنا، لە وەرزی رابردوودا لە چەندین یاریی وەکو بەرامبەر ئینتەر میلان درەوشایەوە، لەڕووی بەرگرییەوە زۆر رێکخراو دەرکەوت و ئێستا پاڵێوراوی سەرەکییە بۆ یارییکردن لە شوێنی بالدێ.
  • خۆفرێ تۆرێنتس، تەمەن 18 ساڵ یەکێکە لە یاریزانانی بەهرەمەندی بارسێلۆنا، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی بەتەواوی پشتی پێببەسترێت، بۆیە بژاردەیەکی لاوازە.

بەهۆی نەبوونی بژاردەی یەدەکی بەهێز، رۆژنامەکە دووپاتیکردووەتەوە، ئێستا بارسێلۆنا ناچارە لە مێرکاتۆی هاوینەی داهاتوودا، بە چڕی بەشداری بکات، چونکە لە مێرکاتۆی هاوینەی رابردوودا، بەهۆی کۆت و بەندەکانی لالیگا، نەیتوانی ئازادانە کێشەکان چارەسەر بکات.

گریمالدۆ بژاردەیەکی لۆژیکییە

سەرچاوەیەکی دەستەی کارگێڕی بارسێلۆنا بە رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆی راگەیاندووە، تاوەکو ئێستا ئالێخاندرۆ گریمالدۆ لە سەرووی لیستی ئامانجەکانی بارسایە.

بەرگریکاری باڵی چەپی ئیسپانی، ئاستێکی بەرز لەگەڵ بایەر لیڤەرکوزن پێشکەش دەکات و ماوەیەکی درێژە باس لە گەڕانەوەی بۆ لالیگا دەکرێت.

بەگوێرەی گرێبەستی نێوان گریماڵدۆ و یانە ئەڵمانییەکە، هەرکاتێک ئۆفەرێکی یانەکانی ئیسپانیا لە نێوان 15 بۆ 20 ملیۆن یۆرۆی بگاتە دەستیان، ئەوا یانەکە جێدەهێڵێت و ئەم بڕە پارەیە بۆ بارسێلۆنا قورس نییە.

بارسێلۆنا لە هاوینی رابردوودا لە گواستنەوەی گریماڵدۆ نزیکبوو، بەڵام نەیتوانی مەرجەکانی یاسای 1:1ی پەیوەست بە رێسای دارایی خاوێن جێبەجێ بکات.

 

بژاردەی دیکەی نیمچە مەحاڵ

فلیک و دێکۆ بە چەند یاریزانێکی دیکەی ئاست نێودەوڵەتی سەرسامن، بەڵام گواستنەوەیان بەهۆی قەیرانی دارایی یانە کاتالوونییەکە، لە مەحاڵ نزیکە.

ئەو ناوانەی فلیک پێیان سەرسامە یەکێکن لە کلیلە سەرەکییەکانی یانەکانیان، جیا لەوەی مووچەیەکی زۆریان هەیە و گواستنەوەیان بارگراناییەکی زۆر دروستدەکات.

  • نونو مێندێس، بەرگریکاری پاریس سانجێرمان.
  • یۆشکۆ ڤاردیۆل، بەرگریکاری مانچێستەر سیتی.
یۆشکۆ ڤاردیۆل لە مانچێستەر سیتی و نونو مێندێس لە پاریس سانجێرمان

باڵی راست؛ ئارامە

لەسەر ئاستی بەرگریکاری باڵی راست، دۆخی بارسێلۆنا ئارامە و کێشەی کەمتری تێدایە.

هەریەکە لە ژووڵ کۆندێ و ئێریک گارسیا ئەرکەکانی باڵی راست بە تەواوی جێبەجێ دەکەن، هەرچەندە گارسیا وەکو دڵی بەرگریکار خۆی یەکلاییکردووەتەوە.

بارسێلۆنا دەیەوێت زوو گرێبەستی گارسیا نوێبکاتەوە و زۆر بیر لە گواستنەوەی بەرگریکارێکی دیکەی باڵی راست ناکاتەوە، تەنیا ئەگەر لە ئاستێکی بەرزدا بێت.

رۆژنامەکە ئاشکرایدەکات، ئەگەر بارسێلۆنا بڕیاری گواستنەوەی بەرگریکارێکی باڵی راست بدات، ئەوا دێنزێل دومفریس، بەرگریکاری ئینتەر میلان دیارترین بژاردەیە و بەهاکەی دەگاتە 25 ملیۆن یۆرۆ.

بژاردە خەیاڵییەکان

جواو کانسێلۆ بە درێسی بارسێلۆنا

جواو کانسێلۆ، بەرگریکاری هیلال یەکێکە لە باشترینەکانی جیهان و لە چەند لێدوانی رابردوودا، حەزی گەڕانەوەی بۆ ئەوروپا پیشانداوە.

هەرچەندە مووچەیەکی گەورە لە هیلالی سعوودی وەردەگرێت، بەڵام لەڕووی بەرگرییەوە یاریزانی دڵخوازی فلیک نییە، چونکە کانسێلۆ بە یاریزانێکی خاوەن خەسڵەتی هێرشبەر دەردەکەوێت.

دانیێل مونۆز، بەرگریکاری کریستال پاڵاس، یەکێکی دیکەیە لە بژاردەکانی سەر مێزی بارسێلۆنا. یاریزانەکە خەون بە بارسا دەبینێت، بەڵام ئەمە پەیوەستە بە فەلسەفەی فلیک و داهاتووی یانەکە.

بابەتی زیاتر

Back to top button