مانچێستەر سیتی ئەستێرەیەکی لاوی بۆندسلیگا دەکاتە ئامانج
سێ یانەی گەورە رکابەری دەکەن..

یاریگا –
مانچێستەر سیتی پلان بۆ گواستنەوەەی ناتانیێل بڕاون، بەرگریکاری لاوی ئەڵمانی دادەڕێژێت.
رۆژنامەی بیڵد بڵاویکردووەتەوە، مانچێستەر سیتی دەیەوێت ناتانیێل بڕاون، بەرگریکاری باڵی چەپی ئاینتراخت فرانکفورت بگوازێتەوە و ماوەیەکە بە وردی چاودێری بەرگریکارە 22 ساڵانییەکە دەکات.
ناتانیێل بڕاون لە ئۆکتۆبەری 2025 بۆ یەکەمجار لەلایەن جولیان نایگلیسمان بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا کرا و یەکەم یاریی فەرمی بۆ مانشافت کرد.

هەر بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، یانەکانی ریال مەدرید، مانچێستەر یوناید و ئارسیناڵیش چاودێری یاریزانەکە دەکەن و بۆ گواستنەوەی ململانێی مانچێستەر سیتی دەکەن.
ناتانیێل لە هاوینی 2024 بەبڕی سێ ملیۆن یۆرۆ لە نورمبێرگەوە پەیوەندی بە فرانکفورت کردووە و بەهای ئێستای لە بۆڕسەی یاریزانان 30 ملیۆن یۆرۆیە.
بەرگریکارە ئەڵمانییەکە لەم وەرزە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 15 یاریی بۆ یانەکەی کردووە، گۆڵێکی کردووە و سێ گۆڵی دروستکردووە.



