Loading...
ئیسپانیادارایی وەرزشیراپۆرتی تایبەتگرنگترین

قەیرانی قەرزەکانی تۆپی پێی ئەوروپا؛ بارسێلۆنا لەسەر لووتکەی شاخێکی پڕ لە قەرزدایە

داهاتووی تۆپی پێی ئەوروپا لە مەترسیدایە

Yariga App

یاریگا –

هەرچەندە تۆپی پێی ئەوروپا بە پڕشنگدارین سەردەمی خۆی لەسەر ئاستی وەرزشی تێدەپەڕێت، بەڵام چەند یانەیەک کەوتوونەتە دۆخێکی مەترسیداری دارایی.

تۆپی پێی ئەوروپا لەڕووی زیادبوونی ژمارەی هاندەر و هەوادار و بڵاوبوونەوەی نێودەوڵەتی، تەنانەت هەندێک یانە بوونەتە بڕاندی گەورەی بازرگانی، بەڵام ئەم پڕشنگدارییە بێ باج نییە.

دیوی دووەمی درەوشانەوەی یانەکانی ئەوروپا، پڕە لە قەیرانی دارایی مەترسیدار و نەبوونی سەقامگیری یانە گەورەکان. بەگوێرەی ریزبەندی یانە قەرزدارەکان بێت، ئەوا بارسێلۆنا لە سەرووی ریزبەندییەکە دێت.

بارسێلۆنا سەرکردەی قەرزدارانی ئەوروپایە

یانە کاتالوونییەکە بڕی 1.92 ملیار یۆرۆ قەزردارە، ئەمەش قەبارەی قەیرانی دارایی یانەکە پیشاندەدات.

رۆژنامەی گاردیان دۆخەکەی وەکو شاخێک لە قەرز وەسف کردووە، ئەوەی یانەکە پێیدا تێدەپەڕێت، دۆخێکی ئاسایی نییە، بەڵکو دەرەنجامی چەندین ساڵ لە خەرجی لەڕادەبەدەر و مووچەی گەورە بووە.

رۆژنامەکە نووسیویەتی؛ بەڕێوەبردنێکی خراپی وەرزشی و دارایی بارسێلۆنای بەم دۆخە گەیاندووە و ئێستا رووبەڕووی تاقیکردنەوەی جیددی بوونەتەوە.

فشارێکی گەورەی دیکە لەسەر بارسێلۆنا دروستبووە، ئەویش پڕۆژەی نوێکردنەوەی یاریگای کامپ نۆوە. ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە گەورەترین وەبەرهێنانەکانی بارسێلۆنا، هەرچەندە دەستەی کارگێڕی یانەکە گرەو لەسەر زیادبوونی داهاتی یانەکە لەڕێی کامپ نۆو دەکات، بەڵام ئێستا یانەکە لە لووتکەی چیایەکی پڕ لە قەرزە و دۆخەکە ئاسایی نییە.

پسوولەی خەونە گەورەکەی تۆتنهام ئاوساوە

تۆتنهام لە پلەی دووەمی ریزبەندی قەرزدارترینەکانی ئەوروپا بەبڕی 1.36 ملیار یۆرۆ دێت.

تێچووی یاریگا نوێیەکەی تۆتنهام لە لەندەن زیاتر لە یەک ملیار پاوەند بووە، هەرچەندە بڕیاربوو یاریگاکە ببێتە سەرچاوەیەکی داهاتی گەورە بۆ گەنجینە یانەکە، بەڵام لۆژیک شتێکی دیکەی پیشانداوە.

دانیێل لێڤی، سەرۆکی تۆتنهام ئاشکرایکردووە، یانەکە گفتوگۆی لەگەڵ وەبەرهێنەری نوێ دروستکردووە، دوای تۆمارکردنی زیانی دارایی بەبڕی 868 ملیۆن پاوەند.

لێڤی پێشبینیدەکرد یاریگاکە ببێتە سەرچاوەیەکی سەقامگیری زیادکردنی داهات، لەوانە لەڕێگەی رێکخستنی کۆنسێرتی گەورە و بەڕێوەچوونی یارییەکانی تۆپی پێی ئەمریکی ‘NFL’، بەڵام ئێستا بووەتە بارگرانایی بۆ یانەکە.

قەیرانی بەرۆکی کیشوەرەکەی گرتووە

ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێکی دارایی تێروتەسەلدا تیشکی خستووەتەسەر قەرزدارترین یانەکانی ئەوروپا. یانەکان هاوشێوەی بارسێلۆنا و تۆتنهام بە دۆخێکی دارایی قورس تێدەپەڕن و ریزبەندییەکەی بەمشێوەیە؛

  • ئێڤەرتن
  • مانچێستەر یونایتد
  • ئینتەر میلان
  • چێڵسی
  • یوڤێنتوس

هۆکاری سەرەکی زیادبوونی قەرزی یانەکان دەگەڕێتەوە بۆ؛ زۆربوونی مووچە، گرێبەستی گەورەی لەڕادەبەدەر، پشتبەستنی رەها بە داهاتی پەخشی تەلەڤزیۆنی کە زۆربەی کات بە نادادپەروەرانە دابەش دەکرێت.

چەندین ئابووریناسی گەورە قسەیان بۆ رۆیتەرز کردووە و دووپاتیانکردووەتەوە، زیادبوونی قەرزی یانەکانی ئیسپانیا، ئینگلتەرا و ئیتاڵیا هەڕەشە لە تەندروستی دارایی تۆپی پێی ئەوروپا دەکات و لەوانەیە لە قەیرانێکدا بتەقێتەوە.

سیناریۆییەکانی داهاتوو چین؟

لە ئەگەری شکستهێنانی یانەکە لە هاوسەنگکردنەوەی دەفتەرەکانی دارایی خۆیان، ئەوا بژاردەکان بۆ چەند خاڵێک کەمدەبنەوە و لەوانەیە بەشێکیان زۆر بەئازاربن؛

  • فرۆشتنی بەشێک لە ئەستێرەکانیان بۆ کەمکردنەوەی قەبارەی مووچە.
  • زیادکردنی بەهای بلیتی یارییەکان.
  • راکێشانی وەبەرهێنەری بیانی یاخود سندووقی سەروەری وڵاتانی وەکو سعوودیە، قەتەڕ و ئیمارات.
  • کەمکردنەوەی تێچووی وەرزشی، لەوانەیە داخستنی بەشێکی زۆری فێرگە و ئەکادیمیاکانی نێودەوڵەتی.

بابەتی زیاتر

Back to top button