Loading...
ئیسپانیاگرنگترین

بارسێلۆنا پەیوەندی بە جیهانی ژیری دەستکرد و بڵۆکچێین دەکات

Yariga App

یاریگا –

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، پەیوەندی بە جیهانی ژیری دەستکردەوە دەکات و گرێبەستی بازرگانی لەگەڵ سپۆنسەرێک واژۆ کردووە کە نەناسراوە و کەس نایناسێت.

بارسێلۆنا هەنگاوێکی نوێی لە دۆزینەوەی سپۆنسەر گرتووەتە بەر، بە فەرمی هاوبەشییان لەگەڵ سیستەمێکی نەناسراوی تەکنەلۆژیا راگەیاند. بەرەبەیانی ئەمڕۆ یانەکە پشتڕاستیکردەوە کە زیرۆ نۆلێج پرووف (ZKP) کە تایبەت بە بواری ژیری دەستکرد و تەکنەلۆژیای بلۆکچێینە، بۆ ماوەی سێ ساڵی داهاتوو و تاوەکوو ساڵی 2028 دەبێتە سپۆنسەری نوێی یانەکە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم هاوبەشییەدا، نەناسراوی ناوی ZKP لە سۆشیال میدیادایە؛ پەڕەی فەرمییان لە تۆڕی ئێکس تەنیا 25 فۆڵۆوەری هەبوو کاتێک گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا راگەیەندرا. ژمارەیەکی سەیر بۆ سپۆنسەرێک کە گرێبەستی لەگەڵ بارسێلۆنا واژۆ کردووە.

بارسا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند کە ZKP تەکنەلۆژیای بلۆکچێینە کە یەکەمجارە لە بواری تایبەتمەندیدا و لەگەڵ مۆدێلەکانی AI ی کاردەکات. بەگوێڕەی گرێبەستەکە، ZKP دەبێتە “هاوبەشی فەرمی پرۆتۆکۆڵی کریپتۆگرافی یانەکە”، ئامانجیشی دروستکردنی ستانداردێکی نوێیە بۆ داتا و AI لە جیهانی وەرزشدا.

لەم هاوبەشییەدا ZKP داهاتی ریکلامی دیجیتاڵی بارسێلۆنا لە کەناڵە فەرمییەکانی یانەکەدا پارێزراوتر دەکات، هەروەها ئەزموونی تایبەت پێشکەش بە هاندەرانی دەکات. لەم مۆدێلە نوێیەدا، ئەزموونە دیجیتاڵییەکان کەسایەتی دەکرێن، بەبێ ئەوەی داتاکان خراپ بەکار بهێنرێن. سیستەمی ژیری دەستکرد بە شێوەیەکی پارێزراو، بەبێ ئاشکراکردنی زانیاری هەستیار و بە شەفافیەتێکی تەواو، داتای وەرزشوانان شی دەکاتەوە.

یانەکە جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هاوبەشییە کە لە یەکێک لە پێشکەوتووترین بوارەکانی تەکنەلۆژیادا بەڕێوەدەچێت، ئاماژەیەکی دیکەی “پێشڕەویکردنی بارسێلۆنایە لە کەرتی بازرگانی” و سەرنجڕاکێشیی جیهانیی براندی یانەکە، بانگەوازێکە کە کۆمپانیاکانی چالاک لە پیشەسازییە جیاوازەکاندا رادەکێشێت بۆ هاوکاریکردن لەگەڵیدا.

بابەتی زیاتر

Back to top button