پریشکی دەستپێکردنی قەیرانێکی قووڵی ریال مەدرید دەگاتە نووسینگەی ئاڵۆنسۆ
رۆژنامەی مارکا پەنجە لەسەر برینەکانی ریال مەدرید دادەنێت

یاریگا –
چابی ئاڵۆنسۆ، راهێنەری ریال مەدرید لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی جیددی و مەترسیداردایە.
رۆژنامەی مارکا لە راپۆرتێکی تێروتەسەلدا تیشکی لەسەر چەندین لایەنی جیاوازی نێو یانەکە داناوە و مەترسییەکانی خستووەتەڕوو.
ریال مەدرید وەرزەکەی بەباشی دەستپێکردبوو و خۆی لە ژاوەژاوی میدیا و فشاری ئەنجامەکان دوورخستبووەوە، هەروەها باسی هیچ کێشەیەک لە ژووری جلگۆڕین نەدەکرا.
دوای تێپەڕبوونی چەند هەفتەیەک بەسەر دەستپێکە ناوازەکە و بردنەوەی ئێل کلاسیکۆ بەرامبەر بارسێلۆنا، ئاڵۆنسۆ یەکەمجارە لەم وەرزەدا خۆی لە رێگەیەکی سەخت دەبینێت.
رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، ئاڵۆنسۆ بە قەیرانێکی بچووک (مینی قەیران) تێدەپەڕێت، بەڵام ئەم قەیرانە زۆر نهێنی ئاشکرا دەکات و کەسایەتی راهێنەرەکە دەستنیشاندەکات، چونکە پڕۆژەی ئاڵۆنسۆ لە قۆناخی دەستپێکدایە.
یەکسانبوون بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ و دۆڕانی جەنگی ئانفیڵد، دەرگای بەڕووی پرسیاری جیاواز کردەوە، لاوازی ئاستی یاریزانان لە یارییەکەی ڤالێنسیاش، گومانی زیاتری لەسەر کەسایەتی ئاڵۆنسۆ و بوونی بۆشایی گەورە ئاشکرا کرد.
لە مەدرید گومان لەسەر دەستپێکردنی قۆناخی ئەنجامە خراپەکان دروستبووە، ئێستا هەموو کەسێک لە مەدرید باسی فشارەکانی سەر راهێنەر دەکات و گفتوگۆ لەسەر هەموو وردەکارییەک دەکەن.
لێدوانی جیاوازی یاریزانان تۆپە بەفرەکەی گەورەکرد، بەشێک لە یاریزانان لە رۆڵەکانیان لە نێو یاریگا ناڕازین، بەشێکی دیکە پێیانوایە پەیامەکانی راهێنەر بەدروستی وەرناگیرێت، هەندێک ئەستێرەش بە قۆناخی لەتبوونی هزری و جەستەیی تێدەپەڕن.
کیلیان ئێمباپێ لە کەمپی هەڵبژاردەی فەڕەنسا باسی چەندین بابەتی کرد و بەڕوونی کەشوهەوای یانەکەی خستەڕوو؛
کاتێک دۆخەکە لە ریال مەدرید بەتەواوی بەڕێوەناچێت، خەڵک قسەی زۆر لەسەر یانەکە دەکەن.

لێدوانەکەی ئێمباپێ هەموو شتێکی یانەکە دەخاتەڕوو، چونکە یانەکە بە دۆخێکی هەستیار تێدەپەڕێت و سەرەڕای لێدوانە یەک لە دوای یەکەکانی یانەکە بەوەی هەموو شتێک لە یانەکە بێکێشەیە و دۆخەکە ئارامە، بەڵام بەشیکردنەوەی لێدوانەکان، پێچەوانەکەی دەردەچێت.
یاریزانانی وەکو براهیم دیاز، رۆدریگۆ، گۆنسالۆ، فران گارسیا و ئێندریک بەحاڵ یارییان پێدەکرێت، یاریزانی دیکەی وەکو دانی کارڤاخال و فێدێریکۆ ڤالڤێردیش، بەردەوام کێشەی ماسوولکەیان هەیە.
لەلایەکی دیکەوە، ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد، تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە ئاستێکی باش و رازیکەر پێشکەشبکات، بۆیە بیرۆکەیەک لە یانەکە دروستبووە، کە ئێستا پریشکی دەستپێکردنی قەیرانێکی گەورەیە لە ریال مەدرید.
وادەیەکی 40 رۆژی
ئاڵۆنسۆ قۆناخی 40 رۆژی هەستیار دەستپێکردووە، واتە تاوەکو وەستانی پشووەکانی سەریساڵ، ئاڵۆنسۆ پێویستی بە خۆسەلماندن و دوورکەوتنەوەیە لە زۆنی مەترسیدار.
ریال مەدرید 40 رۆژی پڕ لە یاریی قورس و گەشتی ئاڵۆز هەیە. بۆیە ئاڵۆنسۆ دەبێ شێوازێکی هەستیار لەگەڵ یاریزانان بەکاربهێنێت، تاوەکو متمانەیان بگەڕێتەوە و زیاتر هزری تەکتیکی خۆی بە ئەستێرەکان بگەیەنێت.
ئەم ماوەیە توانای ئاڵۆنسۆ بۆ بەڕێوەبردنی ژوورێکی پڕ لە ئەستێرە یەکلاییدەکاتەوە، هەروەها ئامادەیی راهێنەرە باسکییەکە بۆ فشارێکی بێوێنەی هاندەران و میدیا پیشاندەدات.
زەنگی ئاگادارکردنەوە
دەستپێکی قەیرانی ئێستای ریال مەدرید، کاریگەری لەسەر تەواوی وەرزەکە دەبێت، هەروەها زەنگێکی ئاگادارکردنەوەی پڕۆژەی ئاڵۆنسۆیە لە ریال مەدرید، چونکە ئەوەی روونە، دەبێ ئاڵۆنسۆ پەرە بە پلانەکانی بدات، هەروەها بەڕێوەبردن و کۆنتڕۆڵکردنی ژووری جلگۆڕین، جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ کۆنتڕۆڵکردنی تۆپ لەنێو یارییەکاندا نییە.
هەمووان لە ریال مەدرید چاوەڕێی رووێکی دیکەی ئاڵۆنسۆ دەکەن، رووێک کە وەکو سەرکردە دەربکەوێت، نەک تەنیا فەرمانی تەکتیکی بدات، هەروەها رووێک بێت، کێشەکان چارەسەر بکات و دەرگای بەڕووی بێسەرووبەرییەکان دابخات.
گەورەترین ئاڵنگاری
هەرچەندە ریال مەدرید پێشەنگی لالیگایە و رکابەری لەسەر چامپیۆنزلیگ دەکات و خاوەنی یەکێک لە باشترین هێرشبەرانی ئەوروپا و جیهانە، بەڵام لە پشتی ژمارە و ئامارەکان، جەنگێکی بچووک هەیە کە بە ئەنجامە خراپەکان دەستیپێکرد و میدیاکان گەورەیانکرد، ئەمەش وەکو پرووشکی دەستپێکردنی قەیران لێکدەدرێتەوە.
لەم ساتەدا، ئاڵۆنسۆ بە گەورەترین تاقیکردنەوەی کەسی تێدەپەڕێت. تاقیکردنەوەکە بڕیار لەسەر پڕۆژەی داهاتووی لە ریال مەدرید دەدات، چونکە فلۆرێنتینۆ پێرێز دەیەوێت زەمینەسازی بۆ پڕۆژەی داهاتووی لەرزۆک نەبێت، بەڵکو دۆخی جێگیری لەسەرووی هەموو شتێکەوە بێت.
بۆیە ئاڵۆنسۆ بە ‘چلەی یەکلاییکەرەو’ تێدەپەڕێت و ناونیشانی قۆناخەکە دەبێتە سەرەتای دەستپێک یاخود دەستپێکی گومان.



